سێ شەوە باوکی سێ منداڵ خنکاوە و هێشتا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە

964+
هونەر فارس – دەربەندیخان

ساڵح محەمەدی بەلەمەوان، زیاد لە 45 ساڵە سەروبەندی لەگەڵ بەلەم و دەریاچەکاندا هەیە و ماوەی دوو رۆژە بە بەردەوامی بەدوای تەرمی بێسەروشوێنی ساماندا دەگەڕێت کەچی هیچ سەرەداوێکی دەستنەکەوتووە.

سامان عەبدوڵای تەمەن 37 ساڵ دانیشتووی قەزای دەربەندیخانە، شەوی 21 لەسەر 22ی ئەم مانگە، لەگەڵ هاوڕێ و ئاوەڵزاوایەکیدا، بەمەبەستی نانەوەی تۆڕی ماسی روویان لە دەریاچەی دەربەندیخان کرد، بەڵام بەلەمەکەیان وەرگەڕا و دوای رزگاربوونی ئەو دوو کەسەی لەگەڵی بوون، کەچی خۆی لە دەریاچەکەدا نقوم دەبێت و تا ئێستا بێسەروشوێنە.

مەسعود عەبدوڵای برای، سێ رۆژە بەدیار دڵڕەقی دەریاچەکەوە دانیشتووە بۆ ئەوەی تەرمی براکەی بۆ بگەڕێنێتەوە و پرسەکەی بۆ دابنێت، کەچی هێشتا تروسکەیەک ئومێدی لێ دیارنییە.

سێ رۆژە هاوڵاتی و کەسوکار و بەلەمەوانی ناوچەکە، بە دووربین و قولاپەوە سەر و ژێر ئاوی دەریاچەکە دەگەڕێن و هێشتاش نەگەیشتوون بە هیچ ئەنجامێک.

شارەزایانی دەریاچەکە، هۆکاری نەدۆزینەوەی تەرمەکە بۆ نەبوونی تیمی غەواسی تۆکمە دەگەڕێننەوە لە هەرێمی کوردستان و دەڵێن ئەو شوێنەی گەنجەکەی تێدا خنکاوە زیاد لە 50 مەتر قووڵە کەچی تیمە ژێرئاوگەڕەکانی کوردستان تەنیا توانای قوڵایی 20 مەتریان هەیە.