ئەمڕۆ لە سۆران گۆشتی سور دەستنەکەوتووە

964+
ئاسۆ وەرتی ـــ سۆران

بەهۆی زۆری خواستی هاوڵاتیان، ئەمڕۆ هەینی گۆشتی سور لە بازاڕی قەزای سۆران دەستنەکەوتووە.

ئەگەرچی قەسابەکان بۆ نەبوونی کوشتارگەی دەگەڕێننەوە لە رۆژانی هەینی، بەڵام هێشتا ئەگەر زۆری خواست نەبووایە، بەرهەمەکانی رۆژی پێشوو بەشی ئەمڕۆیشی دەکرد.

یونس حەمەد هاوڵاتی قەزای سۆران بە 964ی وت، لە بازاڕ گەڕاوە و گۆشتی سوری دەستنەکەوتووە.

لە لایەکی دیکە، شاخەوان عەبدوڵا کە پیشەی قەسابە بۆ 964ی باسکرد، رۆژانی هەینی کوشتارگە نییە، “دەبێت ئێمه پێنجشەمە حیسابی رۆژانی هەینی بکەین، بەهۆی مانگی رەمەزان و ئەمڕۆش هەینی بوو سەربڕخانە نەبوو”.

ئەو دەڵێت بەهۆی نەورۆزەوە گۆشت نەماوە لە بازاڕەکاندا، بەڵام سبەینێ کوشتارگە دەکرێتەوە و دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە.

قەزای سۆران یەک کوشتارگەی هەیە و لە رۆژانی ئاساییدا، 20 بۆ 30 ئاژەڵی گەورە لەگەڵ نزیکەی 100 ئاژەڵی بچوک سەردەبڕدرێت تیایدا.