دەتوانێت 300 مەتر بچێتە ژێر ئاو

سبەی بە کامێرا بۆ تەرمی سامان عەبدوڵا دەگەڕێن

964+

لەدوای سێ رۆژ لە خنکانی سامان عەبدوڵا، ئەمڕۆ لە سلێمانیەوە تیمێکی تایبەت بەمەبەستی دۆزینەوەی تەرمەکەی، رەوانەی دەریاچەی دەربەندیخان کرا، بەڵام قایمقامی قەزاکە دەڵێت ئەو تیمە لەئاستی پێویستدا نییە و چاویان لە بەڵێنەکانی گەنجێکە کە بڕیارە سبەی کامێرای گەڕانیان بۆ ببات.

سلێمان محەمەد، قایمقامی دەربەندیخان بە تۆڕی 964ی وت، لەلایەن گەنجێکی خۆبەخشەوە بەڵێنیان پێدراوە کە سبەی شەممە کامێرایەک بهێنێت، کە توانای هەیە تاوەکو 300 مەتر لەژێر ئاودا پیشان بدات.

“کامێرامانێک بەڵێنی پێداوین بۆ بەیانی [شەممە] کامێراکەی بهێنێت، کە بەحساب دەتوانێت تاوەکو 300 مەتر قوڵی بگەڕێت،” قایمقامی دەربەندیخان وای وت.

قوڵی ئاوی دەریاچەی دەربەندیخان لە سەروو 60 مەترەوەیە

لەبارەی ئەو تیمەی کە ئەمڕۆ لەلایەن لیوای یەکی پاراستنی سلێمانی رەوانەی دەریاچەکە کراوە، سلێمان محەمەد وتی، “تەنیا بەلەمیان پێیە و هیچ پێداویستییەکی ئەوتۆیان پێنییە… پێوستیمان بە غەواسە چونکە قوڵی ئاوەکە لە سەروو 60 مەترەوەیە.”

تیمەکەی لیوای یەکی پاراستنی سلێمانی پێکهاتوون لە دوو بەلەم و چوار مەلەوان، جگە لەم تیمە نزیکەی 12 بەلەمی دیکە کە زۆربەیان هی کەسانی خۆبەخشن بەدوای تەرمی سامان عەبدوڵادا دەگەڕێن.

رۆژی چوارشەممە، سامان عەبدوڵا لەگەڵ دوو هاوڕێی بە مەبەستی راوەماسی چوونە نێو دەریاچەی دەربەندیخان، بەڵام بەلەمەکەیان وەرگەڕا و سامان خنکا و تاوەکو ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.