واژۆیان کرد

هەرێم و بەغدا لەسەر جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا رێککەوتن

ئەحمەد مستەفا

شاندێکی لێژنەی باڵای تەکنیکی وەزارەتی کشتوکاڵ و پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدایان کرد و لەوێ رێککەوتنی کۆتایی لە نێوان وەزارەتی کشتوکاڵی فیدراڵ و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان واژۆ کرا.

​بەمەش هەردوولا گەیشتنە قۆناغی کۆتایی بۆ جێبەجێکردنی سیستەمی “ئەسیکۆدا”، وەک وەزارەتەکە لە راگەیەندراێک باسی دەکات، رۆڵێکی گرنگی دەبێت لە بە بازارکردن و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی لە رێگەی رۆژمێری کشتوکاڵیی یەکگرتووەوە.

رزگار حەمەد خدر راوێژکار لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نوێنەرایەتی وەزارەت، لە بەغدا لەگەڵ بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی فیدراڵ و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کەرتی کشتوکاڵ کۆبووەتەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر میکانیزمەکانی کاراکردنی رۆژمێری کشتوکاڵی یەکگرتوو کرا، بە ئامانجی ڕێکخستن و پەرەپێدانی پرۆسەی هەناردە و هاوردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لەسەر بنەمای هاوکاریی هاوبەش.

​دوابەدوای کۆبوونەوەکە و لەسەر داوای سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی فیدراڵ، ئەمڕۆ پێنجشەممە 18.6.2026، رێککەوتنی کۆتایی لە نێوان وەزارەتی کشتوکاڵی فیدراڵ و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان واژۆ کراوە.