"خەمی خۆم نیە دەزانم دەمرم"
دایکی ئاژەڵە بێلانەکانی کۆیە کۆچی دوایی کرد
دەریا ئەحمەد
نەجات عەبدولرەزاق ئەو خاتوونەی لەکۆیە سەرەڕای خراپی دۆخی تەندروستی خۆی و پەککەوتە بوونی لەسەر جێگا، بووبوو بە دایکی ئاژەڵە بێلانەکان و خزمەتی دەکردن، ئەمڕۆ کۆچی دوایی کرد، ئەو کەسانەشی کە سەردانیان دەکرد و ئاگاداری دۆخی تەندروستی بوون دەڵێن،”ئەو دەیوت من خەمی خۆم نیە و دەزانم دەمرم، بەڵام خەمی ئاژەڵە بێلانەکانمە”.
دەریا محەمەد، مامۆستای زانکۆیە و وەک کارێکی مۆڤایەتی زوو زوو سەردانی ئەو ژنەی دەکرد، ئەو بە 964ـی وت، یا نەجات بەردەوام لە خەمی ئاژەڵە بێلانەکاندابوو هیچ کاتێک خەمی خۆی نەبوو، سەرەڕای ئەوەی دۆخی تەندروستیشی زۆر خراپ بوو.
عەبدوڵا سیامەند، شۆفێری تەکسیە و رۆژانە نەجات عەبدولڕەزاق پارەی پێدەدا و ئەو خواردنی لە دەرەوە بۆ دەکڕی وتی، زۆر جار من خواردنم بۆخۆی دەبرد، بەڵام دواتر پەیوەندی پێوە دەکردم و دەیوت، خواردنەکەم داوە بە ئاژەڵە بێلانەکان و خواردنی تر بۆخۆم بێنە.
وتیشی، من رۆژانە چاوەڕێ بووم کە تەلەفۆنم بۆ بکا و بچم خواردنی بۆ ببەم، ئەمڕۆ هەر چاوەڕێم کرد و دەنگی نەبوو تا نانی نیوەڕۆی بۆ ببەم و دواتر دراوسێکەیان تەلەفۆنی کرد وتی گیانی لەدەستداوە.
نەجات عەبدولڕەزاق خاتونێکی بێکەس بوو لە رابردوودا کاتێک لەسەر دەست و بازووی خۆی بوو بەردەوام خزمەتی ئاژەڵە بێلانەکانی دەکرد و خواردنی پێدەدان و دەیبردنەوە ماڵەکەی خۆی، هەرچەندە چەند ساڵێک بوو کەوتبووە سەر جێگا بەڵام موچەیەکی خانەنشینی هەبوو، بەو موچەیە هەم بژێوی خۆی دابین دەکرد و هەم خواردنی دەدا بە ئاژەڵە بێلانەکان و لەبیری نەکردبوون.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر