فرۆشی 60 تۆنی رۆژانە بووە بە 35 تۆن

گرانیی نرخەکەی هاوڵاتیانی سلێمانی لە خواردنی گۆشت دەتۆرێنێت

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

گرانیی نرخی گۆشتی ئاژەڵ وای کردووە هاوڵاتیانی سلێمانی کەمتر بیخۆن، کوشتارگەی نوێی سلێمانی هۆشداری دەدات لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکەی.

ئێستا نرخی کیلۆیەک گۆشتی ئاژەڵ لەناوبازاڕی سلێمانی 20 هەزار دینارە و پێشتر لە 14 تا ١٧ هەزار دینار بوو.

پێشتر کوشتارگەی نوێی سلێمانی رۆژانە 60 تۆن گۆشتی ئاژەڵی دەخستە بازاڕەوە، بەڵام بەهۆی کەمبوونەوەی خواست لەسەری لە ئێستادا رۆژانە 30 بۆ 35 تۆن دەخاتە بازاڕەوە.

تۆڕی 964 دەزانێت، بەهۆی جەنگی نێوان روسیا – ئۆکرانیا هاوردەکردنی ئاژەڵ لە جۆرجیا، ئەرمینیا و ئۆکرانیا راگیراوە، چونکە نرخی زۆر بەرز بووەتەوە. هەروەها ئێرانیش ئاژەڵ نانێرێت و ئاژەڵی سوورییش لە هەرێم گومرگی لەسەرە و نرخەکەی گرانە.

شاڵاو عارف، پزیشکی ڤێتەرنەری لە کوشتارگەی نوێی سلێمانی بە تۆڕی 964ـی وت “ئەگەر کێشەی هاوردەکردنی ئاژەڵ چارەسەر نەکرێت نرخی کیلۆیەک گۆشت بۆ 25 هەزار و زیاتریش بەرز دەبێتەوە”.

بەپێی سۆڕاغی تۆڕی 964، هۆکارێکی تری گرانبوونی نرخی گۆشت گرانیی نرخی ئالیکی ئاژەڵە لە بازاڕەکانی هەرێم، کە ئەویش پەیوەندیی بە جەنگی نێوان روسیا – ئۆکرانیاوە هەیە.

“بەرهەمی ئاژەڵی ناوخۆ 40%ـی پێداویستیی هەرێمی کوردستان پڕ دەکاتەوە 60%ـەکەی تری پشت بە ئاژەڵی هاوردە دەبەسترێت”، شاڵاو عارف وای وت.