دوێنێ شەو چی گوزەرا؟
پلانەکانی نەتەنیاهۆ و ترەمپ و هێرشەکەی سێنتکۆم و سعودیە بۆ سەر حەشدی شەعبی
شۆڕش قادری
لەکاتێکدا نەتەنیاهۆ هەوڵ دەدات ترەمپ قایل بکات هێرشی گەورە بکەنە سەر ئێران، سێنتکۆم و سعودیە پێکەوە هێرشیان کردەسەر پێگەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق، کورت و پوخت پێتان دەڵێن، شەوی رابردوو چی گوزەرا؛
بۆ یەکەمجار دوای جەنگە 40 رۆژەکەیان دژی ئێران، ئێوارەی دوێنێ دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کۆبوونەوەیەکی داخراویان لە کۆشکی سپی ئەنجامدا.
ئەلمۆنیتەر: لە کاتێکدا ترەمپ بەدوای رێگەیەکدا دەگەڕێت بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران، نەتەنیاهۆ لە کۆشکی سپی هەوڵی داوە ترەمپ بۆ ئەنجامدانی هێرشی گەورەتر رازی بکات.
ئەلمۆنیتەر: ترەمپ لەژێر فشاری ناوخۆیدایە، بەهۆی کوژرانی 18 سەربازی ئەمریکی و تێچووی دەیان ملیار دۆلاری جەنگەکە، لە بەرامبەردا، ئیسرائیل پلانی هێرشی نوێی خستووەتەڕوو.
نەتەنیاهۆ دوای کۆبوونەوەکە: ئەمە یەکێک بوو لە باشترین گفتوگۆکانم، دانیشتنەکەمان پڕ بوو لە هاوبەشیی تەواو و تێگەیشتن لە ئامانجی هاوبەش کە رێگریکردنە لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
نەتەنیاهۆ بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی لیندزی گراهام سیناتۆری کۆمارییەکانی ئەمریکا چووبووە واشنتن کە بەبەشداری سەرۆکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و ئۆکرانیا بەڕێوەچوو.
چەند کاتژمێرێک دوای ئەو کۆبوونەوەیە و بەربەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) و سعودیە هێرشیان کردە سەر پێگەکانی حەشدی شەعبی لە دەشتی نەینەوا و چەند شوێنێکی دیکەی عێراق.
دەستەی حەشدی شەعبی: چەند بارەگایەکمان لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی عێراق کەوتوونەتە بەر هێرشی هێزەکانی ئەمریکا و سعودیە و بەهۆیەوە ژمارەیەک کوژراو و بریندار هەن.
لیوا روکن تورکی مالکی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری سعودیە: ئەم هێرشانە وەک وەڵامێک بووە بۆ ئەو هێرشە درۆنییانەی کە لە رۆژانی 27 و 28ـی تەمموزی 2026 کرابوونە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە لە ناوچەکانی رۆژهەڵات و ریاز.
کازم غەریب ئابادی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران: هەر کەشتییەکی جەنگیی ئەوروپا لە گەرووی هورمز نزیک ببێتەوە، لێی دەدەین.
هێزی دەریایی سوپای پاسداران: چەند کاتژمێرێک پێش ئێستا سێ کەشتی نەوتهەڵگر کە هۆشدارییەکانی ئێمەیان لە گەرووی هورمز پشتگوێ خست، لێیان درا و راگیران.
دەزگای ئاسایشی هەرێم / سلێمانی دەستگیرکردنی دوو چەکداری دا*عشی رایگەیاند و دەڵێت، لە سنووری پارێزگای سلێمانی خۆیان حەشاردابوو و دوای دەستگیرکردنیان رادەستی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عیراق کراون.
درەنگانی شەوی رابردوو بارهەڵگرێک لە بازگەی چیمەنی کەرکوک کۆنتڕۆڵی لەدەستدا و خۆی کرد بە ژووری حەوانەی پۆلیسەکاندا، چەند ئۆتۆمبێلێک زیانیان بەرکەوت و شۆفێری بارهەڵگرەکەش بە سووکی برینداربوو.
ئێوارەی دوێنێ دوو پەڕەشووتوان لە شاخەکانی پشتی ئەحمەد ئاوا لە هەڵەبجە لەکاتی فڕین کەوتنەخوارەوە و هەردووکیان برینداربوون، بۆ چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانەکانی سلێمانی کران.