موحسن رەزایی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران - وێنە؛ میدیای ئێران
سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران:
“تا بەرپرسانی ئەمریکا رەفتارەکانیان چاک نەکەن گەرووی هورمز ناکرێتەوە”
شۆڕش قادری
سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران دەڵێت، تاوکو ئەمریکا بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکات و رەفتارەکانی چاک نەکات، گەرووی هورمز ناکرێت.
موحسن رەزایی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، ئەگەر گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران بەردەوام بێت، کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە لە ناوچەکە دەکەنە ئامانج.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای بانگەشە و پڕوپاگەندەی بەرپرسانی ئەمریکا، هێشتا گەرووی هورمز داخراوە و تا ئەو کاتەی بەخۆیاندا نەچنەوە و رەفتارەکانیان چاک نەکەن، گەرووەکە ناکرێتەوە.
ئەم لێدوانەی موحسن رەزایی دوای ئەوە دێت کە کاربەدەستانی ئەمریکا رایانگەیاند، بە سەپاندنی گەمارۆی قورس ئێران دەخنکێنن، سوپای ئەمریکاش بەردەوام دەڵێت، کە بە وردی چاودێری گەمارۆی دەریایی سەر ئێران دەکات و کۆنتڕۆڵکردنی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز و ئاوەکانی نزیک ئێران لەدەست ئەواندایە.