پێکدادانی دوو ماتۆڕ برایەکی لە دوو خوشک کرد
964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
پێکدادانی دوو ماتۆڕسکیل لەسنوری ناحیەی سورداش بووە ھۆی گیانلەدەستدانی یەک کەس و برینداربوونی سیانی دیکە، کە لە کۆکردنەوەی گیابەھاری گەڕابوونەوە.
ئەوەی گیانی لەدەستداوە، تەمەنی 21 ساڵە و خوێندکارە و دوو خوشکی دیکەشی کە لەگەڵ خۆی سەر ماتۆڕسکیلەکە خستبوو ئێستا ئەوانیش بریندارن.
نەقیب کۆسرەت عەبدوڵا، بەڕێوەبەری هاتوچۆی دوکان بە تۆڕی 964ی وت، “پێکدادانەکە لەسەر رێگای مێرگەپان بۆ سورداش بووە لە سنووری قەزای دوکان، شۆفێری ماتۆڕسکیلی بەرامبەریش بریندارە و تەندروستی ناجێگیرە”.
بە وتەی بەڕێوەبەری ھاتوچۆی دوکان، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە لەگەڵ خوشکەکانی لە کۆکردنەوەی گیای بەھاری بوون، بەڵام کاتژمێر 11:00ی ئەمشەو لە کاتی گەڕانەوە تووشی ئەم رووداوە هاتوون.
“رووداوەکە لە ئەنجامی تیژڕەوی بووە، ئێستا ستاف و کارمەندانی ئیشکگر لە بنکەی پۆلیسی سورداش پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ رووداوەکەکردووەتەوە”، نەقیب کۆسرەت عەبدوڵا وای وت.
لەماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێری رابردوودا، لە سنووری قەزای دوکان چوار هاوڵاتی بە رووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە.