بە بۆیە رەنگیان کرد
شێوەکاران سیمای شەقامەکانی چەمچەماڵیان جوانتر کرد
عەزیز عەبدوڵا- چەمچەماڵ
لە کارێکى خۆبەخشانەدا و لەژێر تینى گەرماى چەمچەماڵدا، ژمارەیەک لە شێوەکاران و ئەندامانی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی چەمچەماڵ، قۆڵیان لێهەڵماڵى و بە فڵچەکانى دەستیان، شۆستەى شەقامەکانى شارەکەیان رەنگ کرد، کاسبکارانى ناوبازاڕیش بە پێشکەشکردنى چایى و ئاو، هاوکار و هەماهەنگ بوون.
ئەم چالاکییە کە ماوەی 2 رۆژە بەردەوامە، خۆبەخشانەیە و بە هاوکاریی سەرۆکایەتیی شارەوانیی چەمچەماڵ ئەنجام دراوە، ئامانج لێی نوێکردنەوەی رووکاری شەقامەکان و بەخشینی سیمایەکی رۆشنترە بە شارەکە.
ڤالان فاتیحى شێوەکار، لەبارەى کارەکەیانەوە بە 964ـى وت،”زۆر خۆشحاڵم کە بەم شێوەیە بەشێکین لە جوانکردنى سیماى شار و بازاڕى شارەکەمان، چونکە ئەمە بەرپرسیارێتییەکە لەسەرمان”.
سوپاسى ئەو کاسبکار و دوکاندارانەشى کرد کە لە کاتى کارەکەیان، نەیانهێشتووە لە ئاو و چایى پەکیان بکەوێت.
هەرێم عەبدوڵا، لێپرسراوی بەشی راگەیاندنی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی چەمچەماڵ بە 964ـى راگەیاند کە ئەم چالاکییە نموونەیەکی جوانی هاوکاریی نێوان دامەزراوەکانی شار وئەوانە، بۆ ئەوەی زیاتر گرنگی بە لایەنە کۆمەڵایەتی و هونەرییەکان بدرێت لەپێناو جوانکردنەوەی شاری چەمچەماڵ.
کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی چەمچەماڵ مێژوویەکی دێرینی هەیە و لە ساڵی 1989 دامەزراوە. ئەم کۆمەڵەیە خزمەتێکی زۆری بە بوارە جیاوازەکانی هونەر کردووە و پێکدێت لە بەشەکانی (میوزیک، وێنەکێشان، شانۆ و دەف).