چوار مامۆستا بریندارن و یەکێکی دیکە گیانی لەدەستدا
میدیازان – محەممەد عومەر – هەڵەبجە
رووداوێکی هاتوچۆ لەسەر رێگەی هەڵەبجە – سیروان روویدا و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون.
مقەدەم بەرزان عوسمان، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە بە میدیازانی راگەیاند، ئێوارەی رۆژی پێنج شەممە ئۆتۆمبێلێک لە جۆری کیا سیراتۆ وەرگەڕا و پێنج کەسی تێدا بووە.
بەپێی زانیارییەکانی میدیازان، سەرنشینەکان مامۆستا بوون و پێکهاتبوون لە دوو ژن و سێ پیاو، لەدوای تەواوبوونی دەوامی قوتابخانەیان ویستویانە بگەڕێنەوە ماڵەوە و لە رێگە تووشی رووداوی هاتوچۆ بوون.
ئەو کەسەی بەهۆی رووداوی هاتوچۆکەوە گیانی لەدەستداوە ناوی زانا عوسمان-ە و تەمەنی ٣٧ ساڵە و پیشەی مامۆستا بووە لە قوتابخانەی هێدی بنەڕەتی.
وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاند، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە دەستگیرکراوە.