شیرین عەبدولوەهاب بە دەرچوونی لە نەخۆشخانە هەمووانی شۆک کرد

پەرستۆ ساڵح-لایف ستایل

خانمە هونەرمەندی میسری شیرین عەبدولوەهاب، دوای دەرچوونی لە نەخۆشخانە، بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو هاوسەرگیری لەگەڵ مێردی پێشووی کردەوەو بەمەش شەقامی هونەری عەرەبی شۆک کرد.

شەوی ڕابردوو هەینی ١١ـی تشرینی دووەم، خانمە هونەرمەند شیرین عەبدولوەهاب، لەڕێگای مامۆستایەکی ئاینیەوە بۆ جاری دووەم لەگەڵ ئاوازدانەر حوسام حەبیب، ژیانی هاوسەری پێکهێنایەوەو، بەم رەفتارەشی تەواوی هەوادارانی و هونەرمەندانی تووشی سەرسوڕمان کردو، لە سۆشیال میدیاش هێرشێکی توندی کرایەسەر.

شیرین، بە جیابوونەوەی لە حوسامی هاوسەری و، گوشاری ماڵباتەکەی وایکرد ئالودەی مادەی هۆشبەر ببێت و، هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی چەند هەفتەیەک پێش باری تەندروستی تێک بچێ و بۆ وەرگرتنی چارەسەری رەوانەی نەخۆشخانە کرا.

شیرین، دوای دەرچوونی لە نەخۆشخانە شووکردنەوەی بۆ جاری دووەم بە حوسام هاوسەری پێشووی لەڕێگەی بەرنامەی ئەلحایە ئاشکرا کرد.

شیرین کە لەڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بەشداری لە پڕۆگرانی ئەلحکایەی کەناڵی ئێم بی سی میسر کرد، کە لەلایەن رۆژنامەنووس عەمرو ئەدیب پێشکەش دەکرێت.

لە بەرنامەکەدا لەسەر دووبارە شووکردنەوەکەی بە حوسام، وێڕای ئەوەی داوای لێبوردنی لێکرد، وتی “دەمەوێت ژیانی تایبەتیم پارێزراو بێت، لەسەر رێگای خودا هاوسەرگیریم لەگەڵ حوسام کردەوە بە ئامادەبوونی دۆستان و ئازیزانمان”.

هونەرمەند شیرین عەبدولوەهاب، لە ساڵی ١٩٩٨ـەوە هاتووەتە ناو دنیای هونەرو تا ئێستا هەشت ئەلبومی گۆرانی بڵاوکردووەتەوە کە دواهەمینیان ئەلبومی حەبیبی نسای بوو، ئەوە لە جگە لە بڵاوکردنەوەی گۆرانی بە تڕاک.

ئەو هونەرمەندە میسرییە خۆی و هاوسەرەکەی بە قوربانی دەزانێ کە بەهۆی بڵاوکردنەوەی بابەتێک لە میدیاکان نزیکەی ساڵێک پێش ئێستا لە حوسام جیا بووەوە.

شیرین، کە دایکی دوو منداڵە بەڵام هەردوو منداڵەکەی لە هاوسەرەکەی پێشووتریەتی نەک حوسام، دەڵێ حوسام تاکە خۆشەویستی ژیانیەتی.

دوای هاوسەرگیری جاری دووەمیشی، ئەو سکاڵایەی لە دژی محەمەدی برای تۆمار کردبوو، کشاندیەوەو وتی “من دڵم گەورەیەو لە براکەم دەبورم”.

ئەوەی جێگای سەرنجە پشتیوانی هونەرمەندان و میدیاکان بۆ شیرین پاش مارەبڕینەوەی لە حوسام پێچەوانە بوویەوە، ئەمە جگەلەوەی کۆمپانیای ڕۆتانا کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی موزیک و گۆرانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕێککەوتنامەی کارەکانی لەگەڵ هەڵوەشاندەوە.