حاجیاوا: ئاسایش بەدوای ئەو گەنجانەدا دەگەڕێت کە بیری بەعس بڵاودەکەنەوە
964+
مهجید بیتوێنی – راپهڕین
زۆری ئەکاونت و پەیجی ساختە بە ناوی سەدام حسێن و رژێمى بهعسهوه لە قەزای حاجیاوا، ئاسایشی ئهو قهزایهى هێنایە دەنگ، هۆشدارى تووندیش دهدات، كه رووبهڕووى ئهو كهسانه دەبنەوە و پەلکێشی دادگایان دەکەن.
محهمهد فازیل بەڕێوەبەری یاریدەدەرێتی ئاسایشی حاجیاوا سهر به ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، بە 964ـی راگەیاند “کۆمەڵێک گەنجی نابەرپرس کە سەردەمی رژێمی بەعس لە دایک نەبوونە و زەبروزەنگ و دڕندانەی سەدام حوسێنیان نەدیوە هەڵدەستن بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ و وێنەی سەدام حسێن لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و دروستکردنی پەیج وئەکاونتی ساختە لەو رێگەیەوە هەرزەکارانیش کۆمێنتی نەشیاو دەنوسن و دەکەونە ژێر كاریگهرییان “.
وتیشی ” ئەمە تەنها لە قەزای حاجیاوا رووینەداوە بەڵکو بە گشتی لەکوردستان زۆر بڵاوە، بۆیە پێویستە هەمووان رێگری لەو دیاردەیە بکەین”.
ئەم لێدوانەی بەڕێوەبەری یاریدەدەرێتی ئاسایشی حاجیاوا لە کاتێکدایە، كه لە پەیجی سەرەکی ئاسایشی حاجیاوا هۆشداری دراوە بە گەنجان و هەرزەکاران دووربکەونەوە لە دروستکردنی پەیچ و ئەکاونتی ساختە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەناوی حزبی بەعسەوە، چونکە ئاسایش لێکۆڵینەوەی دەستپێکردوە بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی ئەو کارەیان دەستپێکردوە.
ئاسایشى حاجیاوا هۆشدارى تووندیش دهداته ئهو كهسانهى كار لهسهر بڵاوکردنەوەی بیری بەعس له سنوورهكهیان دەکەن و دهشڵێت “رووبەڕوویان دەبینەوە و پەلکێشی دادگایان دەکەین”.
پێداچوونهوه: فهرهاد حهسهن