"کاکێشان و گیانکێشان"

تۆزی “کا” و گەرمی هاوین ئەرکە قورسەکەی جوتیاران و ئاژەڵدارەکان 

بروا مەجید – شارەزوور

دوای دروێنەکردنی گەنم و جۆ جوتایاران و خاوەن ئاژەڵەکان پووشی وشکی پاشماوەی کێڵگەکانیان کۆدەکەنەوە و دواتر بەئامێری کا کوتین دەیکەن بەکا، بۆئەوەی لەوەرزی زستاندا  لەگەڵ جۆ و بڕوێشدا وەک خۆراک بیدەن بە ئاژەڵەکانیان.

ئەم کارەی ئاژەڵداران ئاسانکارییەکە بۆ وەرزی زستان چونکە لەوەرزی سەرمادا بەزەحمەت ئاژەڵەکان خواردنیان دەستدەکەوێت.

لەکۆندا بەدەست و ئامێرەسەرەتایەکانی وەک شەن و سێلک کۆیاندەکردەوە، بەڵام ئێستا  ئامێری نوێ و سەردەمیانە دروستکراوە بۆ کۆکردنەوەو کوتینی کا، ئەوەش تاڕادەیەک ئەرکی سەرشانی جوتیار و خاوەن ئاژەڵەکانی ئاسان کردووە.

پرۆسەی لە گوێنی کردنی کا کارێکی زەحمەتە بەهۆی گەرماو تۆزی کا کە وایکردووە ئاژەڵدار و جوتیارەکان لەوکاتەدا زۆر ماندووبن، هەرساڵێکیش وشکەساڵی بێت و بەرهەمی جوتیاری کەمبێت، کا کەم دەبێت و نرخی گران دەبێت.

کا جگە لە  سوودی بۆ خاوەن ئاژەڵەکان، لەکۆندا بۆ درووستکردنی خشت و گۆزە و خانووی قوڕ بەکار هاتووە ،قەدیمیەکانیش  لەوەسفی ناڕەحەتی کا کێشاندا دەڵێن “کا کێشان و گیان  کێشان وەک یەک وایە”.

پێداچوونەوە: توانا نەقی