تەمەنێک لە خزمەت و خۆشەویستی

چیرۆکی ئەو ژینگەپارێزە عەرەبەی شەقامەکانی کۆیە خاوێن دەکاتەوە

964+
دەریا ئەحمەد- کۆیە

سەرەتای رۆژەکەی لەگەڵ یەکەم تیشکی خۆر دەست پێدەکات و تا ئێوارە بەردەوام دەبێت، ئەو نە کوردە و نە زمانی کوردیش بە باشی دەزانێت، بەڵام دڵسۆزییەکەی بۆ ئەو شارەی لێی دەژی، وایکردووە ببێتە یەکێک لە خۆشەویستترین ژینگەپارێزەکانی شار.

تەمیم ئیبراهیم، پیاوێکی تەمەن 52 ساڵە و بە نەتەوە عەرەبە و خەڵکی پارێزگای سەڵاحەدینە و 16 ساڵە دانیشتووی شاری کۆیەی هەرێمی کوردستانە، هەر خوا رۆژ دەکاتەوە دەکەوێتە وێزەی شەقام و کۆڵانەکانی ئەو شارە و خاوێنیان دەکاتەوە تا بانگی ئێوارێ، ئەو پێیوایە دڵسۆزی لە دڵدایە نەک تەنیا لەسەر زمان و دەڵێت، دڵسۆزیی من بۆ کورد لە رێگەی فێربوونی زمانەکەوە نییە، بەڵکو کارەکەی من لە سەر شەقام ئەوە دەسەلمێنێت بۆ کۆمەڵگەی کوردی کە خۆشەویستیم بۆیان خۆشەویستییەکی راستەقینەیە، بابەتە خۆبەگەورەزانین نییە، بەڵکو تەمەنەکەم هۆکارە و توانای وەرگرتنم بۆ فێربوون لاوازە.

ئەم ژینگەپارێزە خێزاندارە و باوکی چوار کچ و دوو کوڕە، بەرلەوەی بێتە کۆیە، لە گوند ژیاوە و کاری جوتیاری کردووە وەک خۆی باسی دەکات، تا قۆناغی شەشی ئامادەیی زانستی خوێندووە و هەر ئەوەش وایکردووە کە بتوانێت بەشێوەیەکی گونجاو مامەڵە لەگەڵ چواردەورەکەی و کۆمەڵگا بکات.

هەژار نەجات، بەڕێوەبەری ئەو کۆمپانیایە کە تەمیم کاری لێدەکات و لەبارەیەوە دەڵێت، بە سەرپەرشتیارەکەم وتووە، کە زۆر پەستانی لێنەکات، دەنا کارەکەمان خۆی یەک شەفتە و تا نیوەڕۆیە بەڵام تەمیم دوای پشوویەکی کورت دووبارە دەگەڕێتەوە کارەکەی و تا ئێوارە شەقامەکان خاوێن دەکاتەوە، چونکە هەم کارەکەی بە خۆشەویستی و دڵسۆزانە دەکات، هەمیشە خودی کارەکەی قورسە، سەرەڕای ئەوەش زۆر لێی رازین و پێمان خۆشنییە هێندە خۆی ماندوو

ئەم ژینگەپارێزە بەتەمەنە، نەک تەنیا شەقامەکانی کۆیە پاک دەکاتەوە، بەڵکو بە رەفتار و دڵسۆزییەکەی، پەیامێکی گەورەی پێکەوەژیان و وەفاداری لە نێوان پێکهاتەکاندا دەنووسێتەوە.

پێداچوونەوە: پەری ساڵح