نازم عەبدوڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان:

بازرگانى مریشک لە بازگەکانى عێراق 5 بۆ 6 ملیۆن دیناریان لێ وەردەگیرێت

وریا فەتاح

خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان و بازرگانانی مریشکی سپی لە هەرێمی کوردستان، بەدەست وەرگرتنی بڕە پارەیەکی زۆرەوە لە بازگەکانی حکومەتی عێراق گرفتارن و رێگای خواروو و ناوەڕاستی عێراقیان لێ گیراوە.

نازم عەبدوڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان بە 964ـی راگەیاند، لە بازگەکانی عێراق بۆ تێپەڕبوونی هەر لۆرییەک کە مریشکی بارکردووە، بڕی 4.5 ملیۆن تا 6 ملیۆن دینار وەک گومرگ لە بازرگانان وەردەگیرێت.

ئەو دەڵێت: “مەعقول نییە ئێمە یەک وڵات و یەک دراوین و یەک سەبەتەی خۆراکمان هەیە، بەڵام بۆ گواستنەوەی مریشک بۆ خوارووی عێراق، دەبێت بازرگانانمان ئەو بڕە پارە زۆرە بدەن”.

نازم عەبدوڵا ئاماژە بەوە دەکات کە لە خوارووی عێراق نرخی مریشک لە هەرێمی کوردستان گرانترە، بەڵام بەهۆی ئەو باجە زۆرەوە، لە هەر کیلۆیەک 500 دینار زیان بە خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێم دەگات.

سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان داوا دەکات کە نوێنەرانی کورد لە بەغدا بێنە سەر خەت و کێشەکە چارەسەر بکەن.

ئەو پێی وایە، “ئەگەر ئەو بڕە پارەیە بکرێت بە یەک ملیۆن دیناریش هێشتا باشترە، چونکە بەوەش لە هەر کیلۆیەک 300 دینار قازانج بۆ خاوەن کێڵگەکان دەگەڕێتەوە”.