بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنیی نێوان هێزەکانیانە

دوو لیوا هاوبەشەکەی هەرێم و عێراق پارەدار دەکرێن

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

لە پڕۆژەیاسای بوودجەی عێراقدا و لە چوارچێوەی بوودجەی وەزارەتی بەرگریدا، بوودجەیەکی تایبەت بۆ ئەو دوو لیوا هاوبەشەی لەنێوان هەرێم و عێراق دروست دەکرێت دیاری کراوە.

هێزە هاوبەشەکە لیوای 20ـی پێشمەرگە و لیوای 66ـی سوپای عێراق پێکدێن، سەرپەرشتیاری یەکێک لە لیواکان کورد دەبێت‌ و جێگرەکەی لە نەتەوەی عەرەب دەبێت، ئەوی دیکەشیان فەرماندەکەی عەرەب دەبێت‌ و جێگرەکەی لە نەتەوەی کورد دەبێت.
پێکهێنانی ئەو دوو لیوا هاوبەشە بۆ پڕکردنەوەی نزیکەی 560 کیلۆمەتر بۆشایی ئەمنییە لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە جێناکۆکەکان دروست بووە و ناوبەناو داعش هێرش و پەلامار ئەنجام دەدات.

پەیجی تایبەتی لیوای 20ـی هاوبەش لە زاری عادل زەنگەنە، نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بڵاوی کردووەتەوە؛ لیواکەی عێراق مەشقیان کردووە و تەنها لیواکەی پێشمەرگە ماوە راهێنان بکەن.

دەشڵێت، لیواکەی پێشمەرگە سێ هەزار و 751 کەس دەبێت.