دەستەى راگەیاندن و پەیوەندییەکانى عێراق:

بەردەوامین لەجێبەجێکردنى رێکارەکان بۆ کوژاندنەوە و راگرتنى تەواوەتى کۆڕەک تیلیکۆن

وریا فەتاح

دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق (CMC) راگەیەندراوێکی فەرمی بڵاوکردەوە سەبارەت بە کۆتاییهاتنی گرێبەست و هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی یەکلاکردنەوە لەگەڵ کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەهۆی پابەندنەبوونی کۆمپانیاکە بە ئەرکە یاسایی و داراییەکانی. رێکاری یاسایی پێویست گیراوەتەبەر، لەوانەش دانانی نیشانەی دەستبەسەرداگرتن بەسەر ماڵ و موڵکە گواستراوە و نەگواستراوەکانی کۆمپانیاکەدا.

دەستەکە لەبارەى کۆمپانیاى کۆڕەکەوە، جەختی لە چەند خاڵێک بۆ هاوبەشان، کارمەندان و هاووڵاتییان کردووەتەوە:

یەکەم: دەستەکە بەردەوامە لە جێبەجێکردنی رێکارەکان بۆ کوژاندنەوە و راگرتنی تەواوەتیی ئامێر و سیستەمەکانی تۆڕی کۆڕەک تیلیکۆم بەپێی فەرمانی (65)ی ساڵی 2004.

دووەم: داوا لە هاووڵاتییان و دامەزراوەکان دەکرێت خۆیان بەدوور بگرن لە نوێکردنەوەی بەشداریکردن، پڕکردنەوەی باڵانس، یان دانی هەر بڕە پارەیەک بە کۆمپانیاکە تا تووشی زیانی دارایی نەبن.

سێیەم: داوا لە بەشداربووان کراوە سیمکارتەکانیان لای خۆیان بپارێزن و فڕێی نەدەن، تا ئەو کاتەی لە رێگەی پلاتفۆرمە فەرمییەکانی دەستەکەوە رێنمایی نوێ سەبارەت بە پاراستنی مافەکانیان بڵاودەکرێتەوە.

چوارەم: ئاگاداری دراوەتە کارمەندانی کۆمپانیاکە کە داتا، زانیاری و بەڵگەنامەکانی کۆڕەک بپارێزن و دزەی پێنەکەن، بەپێچەوانەوە رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە.

پێنجەم: داوا لە خاوەنی ئەو زەوی و شوێنانە کراوە کە تاوەری کۆڕەکیان تێدایە، پارێزگاری لە ئامێرەکان بکەن و رێگە بە چوونەژوورەوەی فەرمانبەرانی کۆڕەک یان گواستنەوەی کەلوپەلەکان نەدەن بەبێ رەزامەندی دەستەکە، چونکە بەرپرسیارێتیی یاساییان دەکەوێتە ئەستۆ.