بۆ کارئاسانی و سەلامەتی گەشتەکانە
رێڕەوێکی کاتی بۆ گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان تاران و بەغدا دەستنیشان کرا
فەرهاد حەسەن
لەلایەن کۆمپانیای گشتی خزمەتگوزارییەکانی ئاسمانی، رێڕەوێکی کاتی بۆ گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان تاران و بەغدا دەستنیشان کرا و کە تەواوی رێکارەکانی فڕین و نیشتنەوەی لە هەردوولاوە دیاریکردووە.
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەراگەیەندراوێكدا بڵاویکردوەتەوە، کە کۆمپانیای گشتیی خزمەتگوزارییەکانی گهشتی ئاسمانی ئاگادارییەکی فەرمیی بۆ چاودێرانی ئاسمانی (NOTAM) بڵاوکردەوە کە تیایدا رێڕەوێکی نوێی ئاسمانی بەشێوەی کاتی لەنێوان هەردوو پایتەخت دەستنیشان کردووە.
رێڕەوەکە گەیشتن و بەجێهێشتنی فڕۆکەکان لەخۆدەگرێت کە ناوچەی زانیارییەکانی فڕین لە بەغدا و ناوچەی زانیارییەکانی فڕین لە تاران بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ئەم رێکارەش لە ئەمڕۆ پێنجشەممەوە چووەتە بوار و جێبەجێکردنەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە ئەحمەد عەماد ئەحمەد، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە جەختی کردووەتەوە کە “دەستنیشانکردنی ئەم رێڕەوانە لەسەر بنەمای هەماهەنگیی راستەوخۆ و لێکتێگەیشتنی هاوبەشی هەردوولا بووە بە مەبەستی رێکخستنی جووڵەی ئاسمانی و ئاسانکاری لە گەشتەکانی نێوان هەردوو پایتەختدا، بە شێوەیەک کە دەستەبەری بەرزکردنەوەی توانای کارکردنی کوالێتی ئاسمانی عێراق و کەمکردنەوەی کاتی فڕین و خەرجی سووتەمەنی بۆ کۆمپانیا گواستەرەوەکان بکات.
کۆمپانیاکە دەشڵێت، ئەم رێکارە لە چوارچێوەی نەخشە ستراتیژییەکاندا دێت کە کۆمپانیای گشتیی خزمەتگوزارییەکانی ئاسمانی جێبەجێیان دەکات بۆ نوێکردنەوەی بەڕێوەبردنی جووڵەی ئاسمانی و پەرەپێدانی تۆڕی رێگا ئاسمانییەکانی عێراق، بە شێوازێک کە ئاسایشی ئاسمانی بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییە پەسەندکراوەکانی رێکخراوی نێودەوڵەتیی تەندروستیی مەدەنی (ICAO) بەهێز بكات و پێگەی عێراق وەک رێڕەوێکی ئاسمانیی زینوو و ئارام لە ناوچەکەدا بچەسپێنێت.