هەموو وانەکان مامۆستای تایبەتی هەبووە

یەکەمی خوێندنی کوردییە لەسەر ئاستی کەرکوک

کاروان ساڵحی – کەرکوک

لە نێو ئاستەنگی و جەنجاڵییەکانی خوێندندا، زوهرە عیسام قوتابییەکی لێهاتووی شاری کەرکوکە، توانی لە خوێندنی کوردی بە کۆنمرەی 100.14 پلەی یەکەم لەسەر ئاستی پارێزگای کەرکوک بەدەستبهێنێت.

زوهرە عیسام لە لێدوانێکدا بۆ 964 وتی، بۆ هەموو دەرسەکان مامۆستا و وانەی تایبەتی هەبووە جگەلەوەی لە قوتابخانەکەشی خوێندوویەتی، بەڵام رۆژانە بە شێوەیەکی رێکخراو 8 کاتژمێر خوێندوویەتی و لە کاتی نزیکبوونەوەی تاقیکردنەوەکاندا کاتەکانی خوێندنی بۆ زیاتر لە 12 کاتژمێر بەرزکردووەتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەردەوام هیوای ئەوەی خواستووە نمرەیەکی بەرز بەدەستبهێنێت تاوەکو دایک و باوکی دڵخۆش بکات، کە لە تەواوی پرۆسەی خوێندنەکەیدا گەورەترین پاڵپشت و هاوکاری بوون.

لە لایەکی ترەوە، دایکی وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی دەڵێت: “وەسف ناکرێت ئەو خۆشییەی هەستمان پێکردووە، کچەکەم زۆر ماندوو بوو، بە شەو و رۆژ دەیخوێند و سوپاس بۆ خوا رەنجەکەی بەفیڕۆ نەچوو.”

پێداچوونەوە: پەری ساڵح