کۆنمرەی 97.29 هەیە
یەکەمی سەڵاحەدین کوردێکی خورماتووە
سیروان خورشید – خورماتوو
لە خورماتوو، خوێندکارێکی کورد بەناوی عەبدولڕەحمان بەکر توانی بە کۆنمرەی 97.29 پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی پارێزگای سەڵاحەدین لە بەشی خوێندنی کوردی بەدەستبهێنێت.
عەبدولرەحمان بەکر خوێندکار سەرکەوتوو بۆ مایکی 964 دەڵێت، هەرچەندە بەردەوام دەمخوێند، بەڵام کاتیشم بۆ کات بەسەربردن تەرخان کردبوو.
جەلال جەبار، بەڕێوەبەری دواناوەندی نەورۆز، پیرۆزبایی لەو خوێندکارە دەکات و نیگەرانی خۆشی لەخراپی دۆخی خوێندنی کوردی دەردەبڕێت، کە وەک پێویست سەرەڕای ئاستی باشی خوێندکارەکانی ئاوڕێ لێ نادرێتەوە.
ئەو وتی، زۆرێک لە خوێندکارانی ئەمساڵ وانەکانیان بۆ خولی دووەم دواخستووە و ئەمەش وایکردووە رێژەی دەرچوونی پلەی یەکەم کەم بێت.
لە لایەکی ترەوە، مامۆستایەک نیگەرانی خۆی دەربڕی و رەخنەی لە پشتگوێخستنی خوێندنی کوردی لەلایەن بەڕێوەبەری بەشەکەوە گرت و ئاماژەی بەوەدا کە خوێندکاری وا هەبووە لەسەر ئاستی پارێزگا پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە، کەچی بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزاکە بێ ئاگا بووە لێی و گرنگی پێ نەدراوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا