بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە

 کۆمپانیای گەڵف کیستۆن بەرهەمهێنانی نەوتی لە کێڵگەی شێخان راگرت

وریا فەتاح

کۆمپانیای گەڵف کیستۆن پترۆلیۆم (GKP) کە یەکێکە لە کۆمپانیا سەرەکییەکانی بواری نەوت لە هەرێمی کوردستان، رایگەیاند کە بە شێوەیەکی کاتی کارەکانی بەرهەمهێنانی نەوتی لە کێڵگەی شێخان راگرتووە. کۆمپانیاکە هۆکاری ئەم بڕیارەی بۆ رێکارەکانی سەلامەتی و پێشهاتەکانی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە گەڕاندووەتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی کۆمپانیاکەدا هاتووە کە ئەم هەنگاوەیان هاوشێوەی بڕیاری کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی دیکەی بواری نەوتە کە لە ناوچەکەدا کار دەکەن.

گەڵف کیستۆن جەختی لەوە کردووەتەوە کە هیچ زیانێک بەر دامەزراوە و کێڵگەکانیان نەکەوتووە، هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە کە پێش بڕیاری راگرتنەکە، دوایین ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت لە کێڵگەی شێخان زیاتر لە 45 هەزار بەرمیل بووە.

روونیشى کردووەتەوە کە بە وردی چاودێری بارودۆخەکە دەکەن و لە کاتی گونجاودا زانیاری و پێشهاتی نوێ لەوبارەیەوە بڵاو دەکەنەوە.

کۆمپانیای گەڵف کیستۆن کارپێکەری کێڵگەی شێخانە، کە یەکێکە لە گەورەترین پڕۆژەکانی پەرەپێدان لە هەرێمی کوردستانی عێراق.