"ئاگریانداون"
وردەکاری سووتانی بارهەڵگرەکانی کەلار
میلاد جەلال – گەرمیان
ئەو کەسانەی لەسەر سووتانی بارهەڵگرەکانی کەلار دەستگیر کراون، هاوڕێی یەکن و شایەتحاڵێکی رووداوەکە دەڵێ، بە ئەنقەست ئاگریانداون.
بەربەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 19.7.2026 سێ بارهەڵگر لە گەڕەکی شەهیدانی کەلار ئاگریان گرت و سووتان.
هەندرێن حەمید شایەتحاڵی رووداوەکە قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “کاتژمێر 2ـی شەو ئاگادارکراینەوە کە لە ساحەی راگرتنی بارهەڵگرەکان ئاگرێک کەوتووەتەوە، کە هاتینە ئێرە دوو سەیارە ئاگری گرتبووە و بەرەو سەیارەکانی دیکە دەچوو”.
“یەکێک لە بارهەڵگرەکان بە ئەنقەست ئاگردرابوو و دواتر تەشەنەی سەندبوو بۆ ئۆتۆمبێلەکانی دیکە”، هەندرێن حەمید وای وت.
عەقید سۆران محمدغەریب وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە 964ـی وت، دوو کەس لەسەر ئەو رووداوە دەستگیر کراون کە یەکێکیان نزیکایەتی هەیە لەگەڵ خاوەنی یەکێک لە بارهەڵگرەکان، لەگەڵ هاوڕێیەکی گومانی سووتاندنی بارهەڵگرەکانیان لەسەرە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری