دەستگیرکرا
پیاوێک لە سناپچات خۆى کردووە بە ژن و 17 هەزار دۆلارى لە کەسێک وەرگرتووە
وریا فەتاح
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی راپەڕین تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردووە کە بە فێڵ و لەڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی سناپچاتەوە بڕە پارەیەکی زۆری لە هاووڵاتییەک وەرگرتووە.
پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، دوای ئەوەی هاووڵاتییەک لە بنکەی پۆلیسی راپەڕین سکاڵای تۆمارکرد کە لە سناپچات بە ئەکاونتێکی ساختە و بە ناوی ئافرەتەوە فێڵی لێکراوە، دەستبەجێ لێکۆڵینەوەکان دەستیان پێکردووە.
بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس، تۆمەتبارەکە تەکنەلۆژیای “زیرەکیی دەستکرد”ی بەکارهێناوە بۆ گۆڕینی دەنگی بۆ دەنگی ئافرەت، لەو رێگەیەشەوە بە ناوی پەیوەندیی خۆشەویستییەوە ئەو هاووڵاتییەی هەڵخەڵەتاندووە و بڕی 17 هەزار دۆلاری لێ سەندووە.
پۆلیسی سلێمانی دەشڵێت، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، هێزەکانیان توانیویانە تۆمەتبارەکە کە ناوی (د. ت. إ)ـە بدۆزنەوە و دەستگیری بکەن.
لە ئێستادا تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی (2) لە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن، بە دەلالەتی ماددەی (456) لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوەکانیش لە دۆسییەکەیدا بەردەوامن.