تائێستا کۆنترۆڵ نەکراوە
هەر درۆن و موشەک نایەن؛ ئاگرەکەى ئێران سێ رۆژە دارستانەکانى هەڵەبجە دەسوتێنێت
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
هەر درۆن و موشەکنین کە لە ئێرانەوە دێن، ئەوەتا بەهۆى ئاگرێک کە لە ئێرانەوە هاتووە، سێ رۆژە دارستان و رەزوباخ و پوشو پاوانى گوندەکانى هەڵەبجە دەسوتێنێت.
ئاگرەکە لە دارستان و شاخەکانى گوندەکانى گریانە، دەرەتفێ و هەوارە کۆنى سنوورى هەڵەبجە کەوتووەتەوە، هەرچەندە تیمەکانى بەرگرى شارستانى و خۆبەخشان سێ رۆژە خەریکى کوژاندنەوەین، بەڵام هەر بەردەوامە.
لەبارەى ئاگرەکە، زانیار عومەر، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەڵەبجە بە 964ی وت،” تا ئێستا سێ جار ئاگرەکەمان کۆنترۆڵکردووە، بەڵام بە هۆی ئەوەی هەڵکەوتەی جوگرافیای ناوچەکە زۆر سەختە، و دوای سوتانی درەختەکان، پشکۆکانی دەکەوێتەوە خوارەوە و دووبارە ئاگرەکە سەرهەڵدەداتەوە”.
ئاشکراشى کردووە کە 1000 دارستان و رەزوباخ و پوش و پاوان سووتاوە و سێ کارمەندیش بە سووکى بریندار بوون.
دەربارەی هۆکار و زیانەکانی ئاگرەکە زانیار عومەر وتی:” هۆکارەکەی نازانین، تەنیا ئەوەندە دەزانین کە لە سنووری رۆژهەڵاتی کوردستانەوە ئاگرەکە سنووری هەرێمی کوردستانی بڕیوە، و هاتۆتە ئەمدیو، و بە پێی خەمڵاندنی سەرەتاییش نزیکەی هەزار دۆنم دارستان و پاوانی سرووشتی سووتاوە، و سێ کارمەندیشمان بە سووکی برینداربوون”.
بەیانی رۆژی 14.7.2026 ئاگرەکە لە سنووری گوندی گریانەوە دەستی پێکرد و هەر هەمان رۆژ کاتژمێر هەشت و نیوی شەو بەرگری شارستانی رایگەیاند کە ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکردووە، بەڵام رۆژی دواتر سەریهەڵدایەوە و تا ئێستاش نەتوانراوە بە تەواوی کۆنترۆڵبکرێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح