دکتۆر یاد نەقشبەندی: تێچووی پاکەتێک دەرمان بۆ هەندێک نەخۆش دەگاتە شەش هەزار دۆلار

نەخۆشخانەی هیوا لە زاخۆوە تاوەکو بەسرە نەخۆشی بۆ دێت و دەرمانی کەمە

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا رایدەگەیەنێت، نەخۆشخانەکەیان خزمەتی هەموو عێراق دەکات و پێویستە حکومەتی فیدراڵی هاوکارییان بکات، چونکە تێچووی دەرمانی شێرپەنجە زۆر بەرزە و باری دارایی نەخۆشخانەکەی قورس کردووە.

دکتۆر یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی بە 964ـی رایگەیاند، نەخۆشخانەکە تەنیا بۆ شارێک نییە، بەڵکو نەخۆشی لە زاخۆوە تاوەکو بەسرە بۆ دێت.

وتیشی، زۆربەی ئەو نەخۆشانەی لە ناوەڕاست و خواری عێراقەوە دێن، لێرە چارەسەری بێبەرامبەر وەردەگرن، ئەمەش فشارێکی زۆری خستووەتە سەر بودجەی دەرمان و پێویستە بەغداد ئەمە لەبەرچاو بگرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، نرخی پاکەتێک دەرمان بۆ هەندێک جۆری شێرپەنجە لەنێوان 1000 تاوەکو شەش هەزار دۆلاردایە، کە تێچووی مانگانەی هەندێک نەخۆش دەگاتە نۆ ملیۆن دینار،

“هەندێک خێزان ناچار بوون خانوو و ئۆتۆمبێلەکانیان بفرۆشن بۆ دابینکردنی چارەسەر، بۆیە داوا دەکەم حکومەتی فیدراڵی لیژنەیەک بنێرێت و بودجەی تایبەت بۆ هیوا دابین بکات وەک ناوەندێکی نیشتمانی بۆ هەموو عێراق”، دکتۆر یاد نەقشبەندی وای وت.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر