لە خوار گوندی بانی خێڵان شوێنێک دیاریکراوە بۆ فڕێدانی زبڵ و خاشاک – وێنە؛ شارەوانی دەربەندیخان
"لە هەر شوێنێکی دیکە فڕێی بدەن سزا دەدرێن"
شارەوانی دەربەندیخان شوێنێکی بۆ فڕێدانی زبڵ و خاشاک دیاریکردووە
شۆڕش قادری
شارەوانی دەربەندیخان یەک شوێنی بۆ فڕێدانی زبڵ و خاشاک لە خوار گوندی بانی خێڵانەوە دیاری کردووە و دەڵێت، لە هەر شوێنێکی دیکە زبڵ فڕێ بدەن، سزا دەدرێن.
سەرۆکایەتی شارەوانی دەربەندیخان لە ئاگادارییەکدا بۆ هاوڵاتیانی دەڤەرەکە دەڵێت، پێشتر شوێنێک دیاری کرابوو بۆ خاوەن کارەکان کە زبڵی زیادەی لێ فڕێ بدەن، بەڵام پابەند نەبوون و لە هەر شوێنێک حەزیان لێ بوو، پاشماوەکانیان فڕێ دەدا و ئەوەش ببوەهۆی بڵاوبوونەوەی بۆنێکی ناخۆش و سیمای گەڕەک و کۆڵانەکانی تێکدابووە و گلەیی و گازندەی هاوڵاتیانی بەدوایدا هات.
دوای ئەوە، بە فەرمانی سەرۆکی شارەوانی دەربەندیخان هەموو ئەو شوێنانە داخراون کە بۆ فڕێدانی زبڵ دیاریکرابوون، تاکە جێگایەک کە رێپێدراوە، شوێنێکە لە خوار گوندی بانی خێڵان.
شارەوانی دەربەندیخان دەڵێت، بە هەماهەنگی قایمقام و هێزە ئەمنییەکان و ئاسایش، لەمڕۆ بەدواوە هەرکەسێک زبڵ و پاشماوە لە گوێی شەقام یان هەر جێگایەکی دیکە، فڕێ بدات رووبەڕووی سزای یاسای دەبێتەوە .
داوایش لە هاوڵاتیان دەکات، لەکاتی بینینی هەر حاڵەتێکی سەرپێچی، وێنە و بەڵگەکانیان بنێرن بۆ پەیجی شارەوانی و هەر کەسێکیش، کێشەی فڕێدانی زبڵی هەیە لەلایەن کۆمپانیای پاککەرەوە، با ئاگاداریان بکاتەوە بەمەبەستی چارەسەرکردنی گرفتەکانیان.