تا كووره‌ نه‌هاته‌ كۆیه‌ كولێره‌به‌ڕۆن دروست نه‌بوو

964+

شلێر سەعید – کۆیە

جەعفەر مستەفا، خاوەن کولێرە بەڕۆنی کۆیە، نزیكه‌ى 20 ساڵه‌ به‌ هه‌ویر و ئاگر و كونجی كولێره‌ دروستده‌كات، پێشتر خۆى به‌ته‌نیا ئه‌و كاره‌ى ده‌كرد، به‌ڵام ماوه‌یه‌كه‌ جگه‌ له‌ دوو كوڕى خۆی كه‌ ئه‌و پیشه‌یه‌ى درێژه‌ پێده‌ده‌ن، دوو شاگردیشی داناون به‌رده‌ستى كوڕه‌كانى بكه‌ن.

به‌ قسه‌ى مام جه‌عفه‌ر كولێره‌بەڕۆن له‌ كۆیه‌ له‌وكاته‌وه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌، كه‌ 85 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر یه‌كه‌مین كووره‌ى ئاگر له‌ ئێرانه‌وه‌، له‌لایه‌ن مام ته‌ها ناوێك، هێنراوه‌ته‌ كۆیه‌ و خوانى ماڵه‌ كۆیی و دواتریش ناوبانگه‌كه‌ى هێنده‌ بە فراوانى رۆیشتووه‌ تا گه‌یشتۆته‌ سه‌ر خوانى زۆربه‌ى ماڵه‌كانى هه‌رێمی كوردستان.

مام جه‌عفه‌ر پێیوایه‌، كولێره‌ ئه‌گه‌ر به‌ كووره‌ نه‌برژێ، ئه‌و تامه‌ خۆشه‌ى نابێ كه‌ كولێره‌ هه‌یه‌تى، ده‌شڵێت، كولێره‌ به‌ رۆن و كونجى و قیمه‌ دروستده‌كه‌ن، تایبه‌تمه‌ندى ئێمه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كه‌مترین رێژه‌ى خومره‌ تێكه‌ڵى ئه‌و ئارده‌ ده‌كه‌ین كه‌ هه‌ویری كولێره‌ى لێ دروستده‌كرێت.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن