ئەم بەیانییە رێگەیان گرت

لەیلانییەکان دوکەڵ خواردونی و رێگەیان خراپە

کاروان ساڵحی – کەرکوک

خەڵکی خانەخوێی لەیلان لە کەرکوک، بەم بەیانییە هاتنە سەرشەقام و داوایان کرد رێگەسەرەکی ناحیەکە نۆژەن بکرێتەوە و گرفتاری دەست کارگەی چیمەنتۆن لە ناوچەکە و خەڵکێکی زۆری تووشی شێرپەنجە کردووە.

ئەوان بۆ ماوەیەک و بۆ دووەمجار رێگەی سەرەکی ناحیەکەیان داخست و نەیانهێشت کەس هاتوچۆ بکات، ئەوەیان وەک فشارێک بەکارهێنا تا بەڕێوەبەری ناحیە و کەسانی ئیدارەی لە پارێزگاکە بچن بە هانایانەوە.

یەکێک لە بەشدارانی گردبوونەوەکە بە 964ی وت، پەڕلەمانتار داوای ناردنی لۆکەیشنیان کردووە تا شوێنەکە بدۆزنەوە، لە کاتێکدا ئەوان تەنیا لە کاتی هەڵبژاردن ئێمەیان لەبیرە.

کەسێکی دیکە دەردەڵی دەست کارگەی چیمەنتۆی لەیلان دەکات و دەڵێ، پارەمان بۆ خەڵک کۆکردووەتەوە کە بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە هەموو گیانی شین و مۆر بووەتەوە و پارەی نییە چارەسەری خۆی بکات.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا