دایکی بە گریانەوە دەڵێت: ئاواتی 25 ساڵەم هاتەدی

کچێکی تەمەن 17 ساڵە و توشبووی تالاسیمیایە؛ ساڵانێکە لە چاوەڕوانیدایە

دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی

بانو فاروق توشبوویەکی تالاسیمیا، ساڵانێکە چاوەڕوانە لەو دۆخە رزگاری ببێ و ئێستاش باری تەندروستی بەرەو باشبوون دەچێت.

بانو کچێکی تەمەن 17 ساڵە و لە نەخۆشخانە لەگەڵ دایک و باوکی قسەیان بۆ مایکی 964 کردووە، بانۆ باشبوونی بە فەزڵی خوای گەورە دەزانێ و لەگەڵ ئەوەی سوپاسی پزیشک و دکتۆرەکانی دەکات، دەڵێت، “خوای گەورە تەمەنم بخاتە سەر تەمەنی دایک و باوکم، ئەوەی ئەوان بۆیان کردم، بەکەس ناکرێ”.

بەدیعە ساڵح دایکی بانو بەچاوی پڕ لە فرمێسکەوە دەڵێت، “هەرچەندە باری تەندروستی کچەکەم بەرەو باشبوون دەڕوا، بەڵام زۆر بێتاقەتی حاڵ و وەزعی نەخۆشەکانم، زۆربەیان لە چاوەڕوانی باشبووندان و ماڵ و موڵکیان لەو پێناوەدا فرۆشتووە”.

“25 ساڵە چاوەڕێی ئەم کاتەم و ئاواتەکەم هاتەدی، خودایە هەموو کەسیش بەو ئاواتە بگات و نەخۆشەکانیان چارەسەر بکەی”، بەدیعە ساڵح وادەڵێت.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری