گردبوونەوە

دانیشتوانى گەڕەکى راپەڕین بێ ئاون؛ شەش رۆژ جارێک ئاویان بۆ دێت


دیلان محەمەدجەزا- سلێمانى

بەم گەرماى هاوینە، دانیشتوانى گەڕەکى راپەڕینى سلێمانى( بەرى مەتاڕ)، بە شەش رۆژ یەک جار ئاویان پێدەدرێت و تووشى قەیرانى بێ ئاوى بوون، هەربۆیە ئەمڕۆ لە تەحامولیان نەماو گردبوونەوە.

وەک ئەوەى باسى دەکەن، بەشەش رۆژ جارێک ئاویان پێدەدرێت و ئاوەکەش ئەوەندە کەمە تەنانەت بەشى ئەوە ناکات بۆ موبەریدە بەکارى بهێنن، هەربۆیە ناچارن هەفتانە جارێک بۆ دوو جار ئاو بکڕن و بۆ هەر تانکەرێک 40 بۆ 45 هەزار دینار بدەن بە ئاو.

مەحمود محەمەد کە هاوڵاتییەکى گەڕەکەکەیە و واژۆى 400 ماڵى بەدەستەوە بوو، وەک نوێنەرى دانیشتوانى گەڕەک قسەى بۆ 964 کرد و وتى،”هیچ رەوا نییە بەم هاوینە بە شەش رۆژ تەنیا سەعاتێک بۆ دوان ئاومان پێبدرێت، ناچارین ئاو بکڕین، تەنانەت بەشى خۆشۆردنیشمان ناکات و بە سێ رۆژ جارێک خۆمان دەشۆرین”.
پەروین محەمەد کە ژنێکى دنیا دیدەى گەڕەکەکەیە، توڕەیى لە رووخسارى دەبارى، بۆ مایکى 964 قسەى کرد و وتى،”ئاوەکە ئەوەندە کەمە تەنانەت دڵمان نایەت بیکەین بە تەوالێتیشا”.
وەک ئەوەى هاوڵاتیان باسى دەکەن تەنیا گەڕەکى راپەڕینى بەرى مەتار کێشەى ئاویان هەیە و ئەوانى تر لانیکەم بە سێ رۆژ جارێک ئاویان پێدەدرێت، هەربۆیە داوا دەکەن لە بەرپرسانى شار و خێرخوازان کە کێشەى پەمپەکانیان بۆ چارەسەر بکەن و بەم گەرماى هاوینە لە بێ ئاوى رزگاریان بکەن.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح