دیوانییە
دەستەی دەستپاکی: دوو بەرپرسی وەزارەتی کارەبای بە تۆمەتی بەرتیلدان دەستگیرکران
وریا فەتاح
ئەمڕۆ سێشەممە، دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی رایگەیاند، دوو بەرپرسیان لە وەزارەتی کارەبا دەستگیرکردووە، بەهۆی ئەوەی بڕێک پارەیان وەک “بەرتیل” داوە لە بەرامبەر وەرگرتنی پۆست لە یەکێک لە فەرمانگەکانی وەزارەتەکەدا.
لە ڕاگەیەندراوێکی دەستەکەدا هاتووە،”تیمێکی کارکردن لە کارمەندانی هۆبەی لێکۆڵینەوە و دەستگیرکردن سەر بە نووسینگەی لێکۆڵینەوەی دەستەکە لە پارێزگای دیوانییە، چوونەتە بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی کارەبای پارێزگاکە و توانیویانە بەڕێوەبەری فەرمانگەکە و جێگرەکەی دەستگیربکەن، ئەمەش لەسەر دۆسیەی پێدانی بڕە پارەیەک بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ وەرگرتنی پۆست بۆ تۆمەتبارەکان.”
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، “لە پرۆسەکەدا پەڕاوی دەستگیرکردنرڕێکخراوە کە بەپێی فەرمانێکی دادوەری و پاڵپشت بە حوکمەکانی ماددەی (307) لە یاسای سزادان جێبەجێ کراوە، دواتریش پەڕاوەکە لەگەڵ تۆمەتبارەکاندا خراوەتە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند؛ بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی گونجاو بەرامبەریان و بڕیاردان لە چارەنووسیان”.