لەسەر چەند تۆمەتێک

پۆلیسی هەولێر: “خورشید هەرکی و براکەی دەستگیرکران و دادگایی دەکرێن”

شۆڕش قادری

بە چەند تۆمەتێک پۆلیسی هەولێر دەستگیر کردنی خورشید هەرکی و براکەی راگەیاند و دەڵێت، لە رۆژانی داهاتوودا دادگایی دەکرێن.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، “دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا هەردوو تاوانبار خورشید لەتیف و حەیدر لەتیف بوونە هۆکاری ئاژاوە نانەوە و کێشە، دەستدرێژی کردنە سەر موڵک و ماڵی هاوڵاتیان و موڵکی گشتی، شەهید کردنی پێشمەرگەیەک و هاوڵاتیەک، سوتاندنی کەلوپەلی سەربازیی هێزەکانی پێشمەرگە، هاندانی خەڵک دژی یاسا و سەقامگیری گشتی، رێگری کردن لە پرۆژەکانی حکومی، هەڕەشەکردن بە تێکدانی ژێرخانی ئابووری لە شوێنی جیاجیای قەزای خەبات، هەروەها دوای هەبوونی سکاڵا لە دژیان لەلایەن هاولاتیانەوە، ئەمرۆ یەکشەممە 5.7.2026  لەسەر فەرمانی دادگا هەردوو ناوبراو دەستگیر کران و لە ماوەی داهاتوو لەسەر تاوانەکانیان دادگایی دەکرێن”.

پۆلیسی هەولێر، هاوڵاتیان دڵنیا دەکاتەوە کە سەر و ماڵیان پارێزاوە و یاسا سەروەرە و رێگا بە هیچ تاوانبارێک نادرێ ئاسایش و ئارامی وڵات تێکبدات و ئاژاوەگێڕی بکات.