غەواسێکی لێهاتوو و بە ئەزموون وادەڵێت:

“یەکەمجارە تەرم ئەوەندە لە رووباری سیروان نەدۆزرێتەوە”

میلاد جەلال – گەرمیان

گەڕانەکان بەدوای تەرمی ئەو گەنجەی لە رووباری سیروان خنکا بەردەوامی ھەیە، سەرپەرشتیاری تیمی غەواسی گەرمیان دەڵێ، یەکەمجارە تەرمێک ئەوەندەی پێ بچێت لە رووباری سیروان.

ئەنوەر ئیبراھیم سەرپەرشتیاری تیمی غەواسی بەرگری شارستانی گەرمیان بە 964ـی وت، “باوەڕناکەم تەرمەکە دورکەوتبێتەوە، چونکە ئەگەر ئاو بیبردایە، تا ئێستا لە شوێنێک ھەر سەر ئاو دەکەوت و خەڵکی ئاگاداری دەکردینەوە.”

ئەو دەڵێ، گومانی زۆریان ھەیە لە نزیک کۆرنیشی مارینا تەرمەکەی گیر بووبێت و سەرئاو نەکەوتبێت بەوهۆیەوە نەتوانراوە بدۆزرێتەوە و داوای کەمکردنەەوەی ئاویان کردووە یان گۆڕینی رێڕەوەکەی.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا