حاجی عەدنان خێرخواز و کەسێکی بۆ خواسوڵحاو؛
خۆبەخشانە هاوکاری ئەو کەسانە دەکات تەرمی ئازیزانیان لە ئەوروپا دەهێننەوە
فەرمان مەلاحەسەن – رانیە
تەرمی زۆربەی ئەو کۆچبەرە کوردانەی لە رێگای چوون بۆ ئەوروپا گیان لەدەستدەدەن، بە هاوکاری کەسانێکی خێرخواز و بۆ خواسوڵحاو، وەک حاجی عەدنان دەگەڕێندرێنەوە کوردستان.
یەکێک لەو گەنجە خێرلەخۆنەدیوانەی کوردستان، هیوا مینە بوو کە هەفتەی پێشوو لە بەریتانیا و لەکاتی کارکردندا گیانی لەدەستدا، ئەمڕۆ تەرمەکەی گەڕێندرایەوە رانیە و بەخاکسپێردرا.
حاجی عەدنان لەگەڵ تەرمەکەی هاتۆتەوە و قسەی بۆ مایکی 964 کردووە، ئەو دەڵێت، “27 ساڵە دانیشتووی بەریتانیام و 13 ساڵە خۆبەخشانە هاوکاری ئەو کەسانە دەکەم کە دەیانەوێ تەرمی ئازیزانیان بگەڕێننەوە زێدی خۆیان”.
“وەرگرتنەوەی تەرم لە بەریتانیا کەمێک ناراحەتە و ئەنجامدانی کارە یاساییەکانی چەند رۆژێکی دەوێ”، حاجی عەدنان وادەڵێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، هاوکاری هەموو ئەو کاسانە دەکات کە لە وڵاتانی دیکەش لێیان دەقەومێ و جارێک لە فەڕەنسا ویستوویانە تەرمی چەند کۆچبەرێک بسووتێنن، بەڵام ئەوان نەیاهێشتووە، تەرمەکانیان وەرگرتووەتەوە و ناردوویاننەوە بۆ کوردستان.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری