بۆ شۆفێرانە و هاتوچۆی سلێمانی بڵاویکردووەتەوە

بۆ ئەوەی بەم هاوینە ئۆتۆمبێلەکەی گڕنەگرێت ئەم رێنماییانە جێبەجێ بکە

فەرهاد حەسەن

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی، هۆكاره‌كانی گڕگرتنی ئۆتۆمبێل بە تایبەتیش لە وەرزی هاویندا روونکردوەتەوە و بە شۆفێرانیش دەڵێت، بۆ ئەوەی خۆتان و ئۆتۆمبێلەکانتان سەلامەت بێت، پێویستە رێنماییەکانیان جێبەجێ بکەن.

–         كێشه‌ له‌ سیستمی كاره‌بایی ئۆتۆمبێل

دروستبوونی سپارک (پریشک)، کێشە لە وایەرەکان یان فیوزەکان دەکرێت ببێتە هۆی دروستبوونی ئاگر.

–        لێچوونی سووته‌مه‌نی

هەر لێچوونێكی بەنزین لە گەرمای بەرز یاخود لە دروستبوونی سپاركدا، مەترسی گڕگرتن زیاد دەكات.

–         خراپی كوالێتی به‌نزین

بەکارهێنانی بەنزینی خراپ و کوالێتی نزم بۆ ئۆتۆمبێل، دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە و ئەگەری پەککەوتن و گڕگرتنی لێدەکەوێتەوە.

–        به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمای ئۆتۆمبێل

خراپی سیستمی ساردكەرەوە یاخود كەمی ئاوی رادێتەر دەبێتە هۆی گەرمبوونی زۆر و لە هەندێك حاڵەتدا گڕگرتن.

–        به‌كارهێنانی پارچه‌ی كوالێتی خراپ

پارچەی نا ستاندارد یاخود كواڵێتی نزم، بە تایبەت لە سیستمی كاره‌بایی و سووته‌مه‌نی، مەترسی گڕگرتنی ئۆتۆمبێل زیاد دەکات.

–        خراپی فیول پەمپ

لێچوونی سووتەمەنی یاخود خراپی فیول پەمپ دەکرێت ببێتە هۆی گڕگرتنی ئۆتۆمبێل.

هاتوچۆی سلێمانی بە شۆفێرانیش دەڵێت: بۆ پاراستنی خۆت و ئۆتۆمبێلەکەت، پێویستە پشکنینی تەواو بۆ سەلامەتی ئۆتۆمبێلەکەت ئەنجام بدەیت و هەمیشە ئـاگـرکوژێنەرەوەت پێبێت و بەسەرنەچووبێت، لەکاتی بوونی هەر حاڵەتێکی ئاگرکەوتنەوەش پەیوەندی بکەن بە پۆلیسی بەرگری شارستانی 115.