پەرلەمانتارێکی کورد "کێشەکەیان چارەسەر کرا"
جوتیارانی هەرێم دەتوانن بەرهەمی تەماتەیان بنێرنە پارێزگاکانی عێراق
فەرهاد حەسەن
پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا دەڵێت، کێشەی بەرهەمی تەماتەی جوتیارانی هەرێم چارەسەرکرا ودەتوانن بەرهەمەکانیان رەوانەی پارێزگاکانی عێراق بکەن.
سروە محەمەد رەشید ، پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا ئاماژەی بەوە کردووە، پاش ئەوەی بەشێکی زۆر لە جوتیاران پەیوەندیان پێوەکردین بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ کێشەکانیان، دوای بەدواداچوون و کۆبوونەوەی چڕ لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق سەبارەت بە پرسی بەرهەمی تەماتەی جوتیارانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتیش لەم کاتەدا کە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمەکەیە و جوتیاران بەدەست کێشەی ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان و زەرەر و زیانێکی زۆرەوە دەناڵێنن .
دەڵێت “بڕیاری فەرمی لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەرچووە کە رەزامەندی نیشاندا لەسەر بڕیاری ناردنی بەرهەمی تەماتەی جوتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق”.
باسی ئەوەشی کردووە، ئەم بڕیارە دەبێتە هۆی پاراستنی مافی جوتیاران و قەرەبووکردنەوەی ماندووبوونیان، تاوەکو رێگری بکرێت لە زیانی زیاتری داراییان.