شارەوانی "هەوڵمان داوە بۆیان چارەسەر بکەین"
بەشێک لە خاوەنی زەویەکانی سەیدسادق گردبوونەوە “گلەیی و داواکاریان هەیە”
بڕوا مەجید – سەیدسادق
لە قەزای سەیدسادق، خاوەنی زەویەکانی گەڕەکی فەرمانبەران گردبوونەوە، رەخنە و گلەییان لە حکومەت هەیە بەبێ ئەوەی ئاگاداریان بکاتەوە پارەی زیادە خراوەتە سەر بەشە پارەی ماوە کە پێشتر زەویەکانیان پێ کڕیوە، داواکارن چارەسەرێکیان بۆ بکرێت.
بەرهەم حەسەن یەکێک لە خاوەن زەوییەکان بە 964 ی وت، کاتێک ئەو زەویانەیان کڕیوە نیوەی پارەکەیان داوە و نیوەکەی دیکەش بۆیان کراوەتە قیست، بەڵام دەڵێت بێ ئەوەی ئاگاداریان بکەنەوە پارەی زیادە خراوەتە سەر قیستەکانیان.
وتیشی “تاوەکو ئێستا ئەو شوێنەی زەوییەکانی لێیە هیچ خزمەتگوزارییەکیان بۆ نەکردوە ئەمەش وایکردووە نرخی زەویەکانمان زۆر نزم ببێتەوە”.
لایخۆشییەوە، ئامانج جەمال لێپرسراوی بەشی یاسایی لە شارەوانی سەیدسادق بە 964 ی راگەیاند، دەبوایە لەماوەی سێ ساڵ قیستەکانیان بدرێتەوە بەلام ئەوان نەیانداوەتەوە، بۆیە پارەی زیادەی چووەتەسەر.
دەشڵێت “بەڵام نووسراومان بۆ کردوون کە بەپێی بڕگەیەکی یاسایی 20٪ نرخی قیستەکانیان کەمبکرێتەوە و چاوەڕێن وەڵااممان بدرێتەوە”.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن