وتەبێژی تەندروستی راپەڕین بۆ 964:
“لێکۆڵینەوە لە هەموو کارمەندەکانی سەنتەری تیشکی رانیە دەکرێت”
فەرمان مەلاحەسەن – راپەڕین
بۆ بەدواداچوون لە کەمتەرخەمیی کارمەندانی سەنتەری تیشکی رانیە لیژنەیەک پێکهێنرا و لێکۆڵینەوە لە هەموویان دەکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 23.6.2026 رووداوێکی هاتوچۆ لە رانیە بووەهۆى گیانلەدەستدانى چوار کەس و برینداربوونى سیانى تر، دوای گەیاندنی بریندارەکان بۆ نەخۆشخانە دەرکەوت دوو لە بریندارانی رووداوەکە لە سەنتەری تیشک بۆ ماوەی زیاتر لە نیو کاتژمێر بەبێ چاودێری جێهێڵراون و هیچ کارمەندێک نەچووە بەلایانەوە، گرتەڤیدیۆی ئەو ساتە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە و کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە.
تەها محەمەد لێپرسراوی راگەیاندنی تەندروستی راپەڕین بە 964ـی وت، “دوای ئەو رووداوە، لە سەر ئاستی باڵا لیژنەیەک بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەسەر هۆکارەکان و دەرەنجامی ئەو بابەتە پێکهێنراوە کە لە سەنتەری تیشک روویداوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو کارمەندەکانی ئەو شوێنە بۆ لێکۆڵینەوە بانگهێشت کراون و ئیجرائاتی یاسایی توند لەگەڵ لایەنی کەمتەرخەم دەکرێت.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری