کوڕەکەى شەقڵاوە
خێزانەکەی ئەیمار شێر لە مۆندیال: هیوادارین ئەمشەو کوڕەکەمان بەرامبەر فەرەنسا یاری بکات
وریا فەتاح
پێش دەستپێکردنی یارییە چارەنووسسازەکەی هەڵبژاردەی عێراق بەرامبەر هەڵبژاردەی فەرەنسا لە مۆندیالی 2026، باوک و مامی ئەیمار شێر، یاریزانی کورد و ئەستێرەی هەڵبژاردەی عێراق، بۆ تۆڕی 964 قسەیان کرد و باسی دۆخی کوڕەکەیان و پێشبینییەکانیان بۆ یارییەکە کرد.
هەژارشێر، باوکی ئەیمار کە لەنێو کەشوهەوای مۆندیالدا پشتگیری لە کوڕەکەی دەکات، بە 964ـى وت،”بە بینینى کوڕەکەم لە مۆندیال دڵخۆشم، هەرچەندە لە یاریی رابردوودا دەرفەتی بەشداریکردنی پێنەدرا، بەڵام هیوادارم لەم یارییەدا بەرامبەر فەرەنسا متمانەی پێبکرێت و بەشدار بێت.”
باوکی ئەیمار ئاماژەی بەوەشدا کە دوێنێ لە هۆتێلەکە سەردانی کردووە و بە وردی قسەیان لەگەڵ یەکتر کردووە، سەبارەت بە یارییەکەش دەڵێت: “هەڵبژاردەی عێراق هیچ شتێکی نییە لە دەستی بدات، بۆیە دەبێت ئەمشەو بە بێ ترس و بە ئاستێکی بەرزەوە یاری بکات. تەنانەت ئەگەر ئەنجامەکەش دۆڕان بێت، بە رای من دۆڕان تا جیاوازی دوو گۆڵ ئاساییە”.
مامى ئەیماریش بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێى یارییەکەى ئەمشەوە و دەڵێت:شانازییە بۆ شاری شەقڵاوە و هەموو کوردستان کە کوڕێکی ئێمە لە گەورەترین بۆنەی وەرزشیی جیهاندا نوێنەرایەتی دەکات. ئێمە زۆر بەم دەستکەوتە دڵخۆشین و هەمیشە پاڵپشتی دەبین.”
کاتژمیر 12ـى ئەمشەو هەڵبژاردەی عێراق لە یارییەکی سەختدا رووبەڕووی هەڵبژاردەی فەرەنسا دەبێتەوە.