هاتوچۆی گەرمیان: لە سەیرانگاکان دەست بەسەر ماتۆڕ و بارهەڵگر دەگرین

+964
هونەر فارس – گەرمیان

لە پشووی نەورۆزدا، هەر ماتۆڕ و ئۆتۆمبیلێکی بارهەڵگر لە سەیرانگاکاندا ببیندرێت دەستی بەسەردا دەگیرێت، هاتوچۆی گەرمیان وا دەڵێت.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی نەورۆز، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان لە رێگەی تۆڕی 964ەوە رێکاری پشووی نەورۆزی خستەڕوو.

سامان عەلی وتەبێژی هاتوچۆی گەرمیان، بە 964ی راگەیاند، “ماتۆڕسکیل و ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لە پشووی نەورۆزدا بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە و هەرچی لە دەرەوە ببینین دەیبەین بۆ گەراجی دەست بەسەرداگرتن”.

وتیشی، لەپێناو ئاسانکاری گەشتیاراندا مەفرەزەکانیان بەسەر شوێنە گەشتیارییەکان و ئەو شەقامانەدا دابەشکردووە کە گومانی قەرەباڵخیان لێدەکرێت.

هاتوچۆی گەرمیان، لە بڵاوکراوەیەکی دیکەدا داوا لە هاوڵاتیان دەکات هەر سەرپێچییەکیان لە پشووەکانی نەورۆزدا بەدیکرد لە رێگەی مۆبایلەکانیانەوە تۆماری بکەن و بۆیان بنێرن بۆ ئەوەی ئیجرائاتیان لەگەڵدا بکرێت.