باجی تابلۆ کێشە دەخاتە نێوان شارەوانیی سلێمانی و دوکاندارەکان

شارەوانی؛ کە هاتن بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەت لێیان وەردەگرین

میدیازان – دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

جێبەجێکردنی بڕیاری وەرگرتنی باجی تابلۆ، کێشە دەخاتە نێوان شارەوانی و دوکاندارەکانی سلێمانی.

زەردەشت رەفیق، بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانیی سلێمانی بە میدیازانی وت، بڕیاری وەرگرتنی باجی تابلۆی سەر دوکانەکان لەساڵی ٢٠١٩ـەوە چوەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام تائێستا هیچ رێکارێک بەرامبەر دوکاندارەکان نەگیراوەتەبەر کە باجەکە نادەن.

زیاتر وتی “پسوولەیان بۆ دەنێرین و باجی تابلۆی دوکانەکانیان بۆ دیاری دەکەین، کە نایدەن لەسەریان دەبێتە قەرزو، لە کاتی نوێکردنەوەی مۆڵەت یان هەر مامەڵەیەکی تر کە رێیان بکەوێتە شارەوانی ئەوا لێیا وەردەگرین”.

میدیازان دەزانێت، بڕیاری دانانی باج لەسەر تابلۆ بازرگانییەکانی دوکانداران، ساڵی ٢٠٠٦ دەرچووە، باجەکەش بەپێی قەبارەو شوێنی دوکانەکە دەگۆڕدرێت و لە ١٠ هەزارەوە بۆ مەترێک دەستپێ دەکات بۆ ١٠٠ هەزار دینار.

“لە کاتی نوێکردنەوەی مۆڵەت یان هەر مامەڵەیەکی تر کە رێیان بکەوێتە شارەوانی ئەوا لێیا وەردەگرین”

 ئەو بڕیارەی ئێستا شارەوانی سلێمانی دەیەوێت جێبەجێی بکات، زیاتر لە سێ ساڵە لە هەولێرو دهۆک جێبەجێ دەکرێت.

محەمەد عەلی، خاوەنی مارکێتی سایە لە گەڕەکی رزگاریی شاری سلێمانی بە میدیازانی وت “تا ئێستا باجی تابلۆم نەداوە و ناشیدەم، چونکە هەر رۆژەو باجێکمان بەسەردا دەسەپێنن”.

بەپێی زانیارییەکانی شارەوانی سلێمانی کە بە میدیازان دراوە، لەو شارە نزیکەی ١٨ هەزار دوکان و مارکێت هەیە.

سەید کاکە، خاوەنی دوکانی پۆشاکی جلوبەرگی ژنان لە بازاڕی دەبۆکەی سلێمانی بە میدیازانی وت، “چەندجارێک هاتوون داوای پارەی تابلۆیان کردووە، بەڵام نەمداوەو، بە زیادی دەزانم”.