هەر لە ناو کوردان لێت بقەومێت
بەشکۆوە ماڵئاوایی لە روقیە کرد
ئەمەل ناجی-هەڵەبجە
لە خۆڕا نییە دەڵێن، ئەگەر لەناو کوردان لێت قەوما، خەمى هیچت نەبێت، نۆ رۆژ بوو هەڵەبجە و هەورامان چاویان لەسەر چەمی زەڵم بوو، تیمەکان و خۆبەخشان ساتێک نەوەستان، تا دواجار بە نۆ کاتژمێر تەرمەکەیان لە ئاوەکە دەرهێنا.
تەرمەکە ئەم بەیانییە بڕیار بوو لە هەڵەبجەوە بنێردرێتەوە کەربەلا، بەڵام خەڵکى خورماڵ وتیان دەبێت تەرمى ئەو میوانە ئازیزەیان بگەڕێننەوە بۆ شارۆچکەکەیان تا بە شکۆوە ماڵئاوایى لێبکەن، هەربۆیە لەناو بازاڕ، ژن و پیاو و گەورە و بچوک، بە گوڵەوە وەستان و ماڵئاواییان لەو پەپولەیە کرد.
دواتریش لە ناوبازاڕى سەید سادق، هەمان دیمەن دووبارە بووەوە و خەڵک لەسەرپێ وەستابوون بۆ بەڕێکردنى تەرمەکە.
هەر ئەوەش نا، تیمێکى خۆبەخشانى ئەمبوڵانسەکانى سلێمانى بێ بەرامبەر ئەرکى گواستنەوەى تەرمەکەیان گرتە ئەستۆ و تیمێکى خۆبەخشیش یاوەرى تەرمەکەن تا لە کەربەلا لەگەڵ خێزانەکەى بەشدارى پرسەکەى بکەن.
باوکی روقیە کە لە لەدەستدانى کچەکەى بڕستى لێبڕابوو، سەرسامە بەم هەموو بەدەمەوەهاتن و خولق و پێشوازییەى خەڵکى شارەزوور و هەورامان، هەربۆیە لە ساتى ماڵئاوایى کرد، تەنیا وتى،”خوا ئەم هیلاکییە بکاتە توێشووی قیامەتتان”.
پێداچوونەوە؛ شیرین ساڵح