شارەزوور تەماتەی ناردە عەلوە

لەلای خەڵک تەماتەی پەمەیی رەواجی زیاترە

بروا مەجید – شارەزوور

بەپێی شارەکان خواست لەسەر کڕینی تەماتەی کوردی دەگۆڕێت، جگە لەتەماتەی پەمەیی و سور، ئێستا  کەمتر جوتیارەکان تەماتەی سێوی و چاوەگاش بەرهەم دەهێنن.

پڕ خواسترینیان تەماتە پەمەییەکەیە و نرخی بە 350 دینارە بۆ هەر کیلۆیەک و ئەم بەیانییە لە دەشتی شارەزوورەوە هێنرایە عەلوەی سەیدسادق.

فرۆشیارێک دەڵێت، خواست لەسەر کڕینی تەماتەی کوردی بەپێی شارەکان دەگۆڕێت و خەڵکی شارەزوور و زەڕایەن، حەزیان لە تەماتەی سوورە، بەڵام ناوچەکانی سلێمانی، سەیدسادق و کەلار حەزیان لەتەماتەی پەمەییە.

جوتیارێکیش گلەی هەیە و دەڵێت، تەماتەکە جوانە، بەڵام ماندووبونمان دەرناهێنتەوە و لەبارێک تەماتەدا تەنیا 10 هەزار دینارم بۆ ماوەتەوە، ئەوە جگە لەوەی خەرجی بەخێوکردنی بەرهەمەکە و کرێی کرێکاری لێ دەدەن.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا