لەسەر دوو موچەیی لێکۆڵینەوە لە 4189 فەرمانبەر دەکرێت
964+
فەرمان سادق
لەسەر وەرگرتنی دوو موچە، چوار هەزار و 189 فەرمانبەر دەدرێنە دادگا. وەزارەتی دارایی دەڵێت: بە نایاسایی دوو موچەیان وەرگرتووە.
بەپێی بڕیاری کۆتایی لیژنەی وردبینی و لێکۆڵینەوەی تایبەت بە لیستی فەرمانبەران و خانەنشینان کە ژمارەیان 10 هەزار و 819 موچەخۆر بوون، لە سیستەمی بایۆمەتری دووجار یان زیاتر تۆمارکراون.
وردبینی بۆ 10819 موچەخۆر کراوە دەرکەوتووە 4189ـیان دوو موچە وەردەگرین
وەزارەتی دارایی دۆسیەی چوار هەزار و 189 فەرمانبەر و خانەنشینی رەوانەی دیوانی چاودێری دارایی دەکات کە بەشێوەی نایاسایی دوو موچەیان هەبووە.
دوای تەواوکردنی رێکارەکانی یەکلاییکردنەوەی ناوی ئەو موچەخۆرانەی کە دوو موچەیان هەیە لەلایەن لیژنەی تایبەتمەند، لە کۆی 10 هەزار و 819 دۆسیەی دوو موچەیی، دەرکەوت کە چواور هەزار و 189 دۆسیەیان بە نایاسایی دوو موچەیان هەبووە بەپێی ریزبەندی.
لەم ژمارەیەدا، هەزار و 973 کەسیان دوو موچەی خانەنشینیان وەرگرتووە، هەزار و 849 کەس بە نایاسایی دوو موچەی فەرمانبەری و خانەشینیان وەرگرتووە، هەروەها 367 کەس بە نایاسایی دوو موچەی فەرمانبەریان وەرگرتووە.
وەزارەتی دارایی و ئابووری لە راگەیەندراوێکدا کە کەمێک پیشت ئێستا بڵاوی کردەوە، ئەوەشی خستەڕوو کە دۆسیەی سەرجەم ئەو موچەخۆرە نایاساییانە بە داتاو زانیاری تەواو ئاڕاستەی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان دەکات تا لە رێگای دەستەکانیانەوە وردبینی لە رێکارەکانی بڕین و گێڕانەوەی ئەو بڕە موچانە بکەن کە لە دوای 1.7.2020 بەدواوە بە نایاسایی وەرگیراوە، پێویستە بەزووترین کات لێیان وەربگیرێتەوە و بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی.