جێگری سەرۆکی شارەوانی قسەدەکات
لۆدەکەی ئەم بەیانییەی لای ئەبوسەنا لێکتێنەگەیشتنی دوو تیم بوو
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
ئەو قەرەباڵەغییەی بەیانی ئەمڕۆ لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود دروست ببوو، هۆکارەکەی وەک جێگری سەرۆکی شارەوانی سلێمانی باسی دەکات، لێک تێنەگەشتنی دوو تیمی نۆژەنکردنەوەی شەقامەکان بووە.
ئاکۆ عەلی لە رێگەی 964 وە داوای لێبوردنی کرد لەو هاوڵاتییانەی ئەمڕۆ چوارشەممە ئاستەنگییان بۆ دروست ببوو، وە وتی، دووبارە نابێتەوە.
هاوڵاتییەک کە خوێندکارەکەی بردووە بۆ زانکۆ لەو کاتەدا کەوتووەتە ناو لۆدە زۆرەکە، کە ئۆتۆمبێلێکی زۆر وەستاون و دەڵی دواکەوتووە لە تاقیکردنەوەکەی، جێگری سەرۆکی شارەوانی سلێمانی هیوای ئەوەی خواست زانکۆکەی هاوکاری بکات.
لەبارەی ماوەی کارکردنی تیمەکان و نۆژەنکردنەوەی ئەو شەقامانەی بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، ئەو وتی، لەماەی دوو هەفتەدا 100 هەزار مەتر چوارگۆسە قیر کراوە.
لەبارەی لابردن ژمارەیەک لە یوتێرنەکان، ئاکۆ عەلی وتی، پێشتر بە ناچاری ئەو یوتێرنانە دروست کراوە، ئێستا بۆ رێککردنەوەی و چارەسەرکردنی لۆدی ئەو شەقامانە، یوتێرنەکان هەڵدەگیرێن، یان چاکسازی و فراوانبوونی تێدا دەکرێ.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا