فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران
“ئەمریکا پشکی خۆمان لە تکتی یاریەکانی ئێران ناداتێ”
هەژان هادی
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران دەڵێت، ئەمریکا وەک وڵاتی میوانداری یارییەکانی مۆندیال پشکی خۆمان لە تکتی یاریەکانی ئێران ناداتێ کە ژمارەی تکتەکان دەگاتە 17 هەزار.
ئاژانسی هەواڵی فارس لەسەر زاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران بڵاویکردەوە، پشکی ئەوان لە تکتی یارییەکانی مۆندیالی ئەمساڵ 8%ی تکتی یارییەکانی ئێرانە لە سێ یاری سەرەتای هەڵبژاردەکە، ئەمەریکاش وەک وڵاتی میوانداری یارییەکانی مۆندیال، فیدراسیۆنەکەی لە پشکی خۆی بێبەش کردووە.
بەپێی ئاژانسی فارس، کۆی ئەو تکتانەی پشکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێرانە، دەگاتە 17 هەزار تکت کە بەسەر سێ یاریدا دابەش کراوە و ئەمساڵ بەهۆی ئەوەی ئەمریکا نایانداتێ، ئێرانییەکان ناتوانن لەڕێگەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکەیانەوە تکتی یارییەکان بەدەستبهێنن.
ئێران لە یارییەکانی مۆندیالی ئەمساڵ لە گرووپی Gـە و لەگەڵ هەر سێ هەڵبژاردەی میسر، نیوزلەندا و بەلجیکا یاری هەیە.
ئەم هەواڵە لەکاتێکدایە کە مارکۆ رۆبیۆ وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا پێشتر رایگەیاندبوو، رێگە نادەن هیچ کەسێک کە پەیوەندى بە سوپاى پاسدارانەوە هەبێتن تێکەڵى شاندى هەڵبژاردەى ئێران بێت و سەردانى ئەمریکا بکات.