بۆ ئاوەڕۆى گەڕەک دروستکراوە

تەمەنیان نزیکەى 250 ساڵە؛ فریای گۆڕیچەكەی مەڵكەندی بكەون

ئەحمەد محەمەد _ سلێمانی

گۆڕیچەكەی گەڕەكی مەڵكەندی سلێمانی، كە كاتی خۆی بۆ ئاوەڕۆی گەڕەكە كۆنەكانی شار دروستكراوە لە  لێواری داڕمانە و لە بەشێكی شەقامەكەدا تەپیووە و داوای چارەسەركردنی دەكرێت.

سۆران ئەردەڵانی، دانیشتوویەكی گەڕەكی مەڵكەندییە و ڤیدیۆیەكی بۆ 964 ناردووە و دەڵێت، تكایە كاربەدەستانی شار پێش ئەوەی كارەسات دروست بكات وەرن رزگاری بكەن و بەدرێژایی شەقامەكە و لە چەند شوێنێكەوە داتەپیووە.

گۆڕیچەكە لەسەردەمی بابانییەكان و لە ساڵی 1784 لەسەر دەستوری عوسمانییەكان بەشێوازی گومەزی لەخشتی سوور و بەردی مەڵكەندی بۆ گواستنەوەی ئاوەڕۆی ئەوكاتی سلێمانی دروستكراوە.

ئەو گۆڕیچەیە لە گەڕەكی مەڵكەندییەوە دەست پێدەكات تادەگاتە گەڕەكی جولەكانی سلێمانی و پانییەكەی نزیكەی سێ مەترە و بەرزییەكەشی دوو مەتر دەبێت و ئاوەڕۆی تەواوی گەڕەكە كۆنەكانی شاری دەكەوێتەسەر.

بۆیە دانیشتووانی گەڕەكە درك بە مەترسی داتەپینەكەی دەكەن و داوا دەكەن لایەنی پەیوەندیدار زوو فریای بكەون و چارەسەرێكی بۆ بدۆزنەوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح