ئێران هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و ترەمپ دەڵێت بەسە
هەژان هادی
دوای چەند کاتژمێرێک لە هەڕەشەکانی ئێران، ئەمشەو هێزەکانی ئەو وڵاتە بە مووشەک هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل و دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکاش بە ئێران دەڵێت، مووشەکەکانت تەقاند و ئیتر بەسە.
پاش هێرشەکانی ئەمڕۆی سەر لوبنان، دەسەڵاتدارانی ئێران هەڕەشەی توندیان لە ئیسرائیل کرد و ئەمشەویش سوپای ئیسرائیل ئاشکرایکرد، ئێران مووشەکی ئاڕاستەی ئیسرائیل کردووە و وتی: بۆ رووبەڕووبوونەوەی مووشەکەکانی ئێران سیستەمی بەرگری کەوتووەتە کار.
هاوکار بارەگای خاتەمول ئەنبیا بڵاویکردەوە، هێرشی وێرانکەر بۆ سەر ئیسرائیل و لایەنگرانی دەست پێدەکەین ئەگەر ئۆپەراسیۆنەکان لە لوبنان فراوان ببن.
دۆناڵد ترەمپ لەسەر هێرشەکانی ئەمشەوی ئێران بە فۆکس نیوزی وت، لەگەڵ ئێران نزیک بووین لە رێککەوتن کاتێک ئەمە روویدا.
ترەمپ بە ئێرانییەکان دەڵێت بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و رێککەوتن بکەن.
سەرۆکی ئەمریکا روو لە ئێران دەکات و دەڵێت مووشەکەکانتان تەقاند، ئیتر بەسە.
ئاژانسی فرانس پرێس ئاشکرایکرد، دوای هێرشەکەی ئەمشەو حکومەتی ئیسرائیل بڕیاریداوە سبەی دووشەممە خوێندن رابگرێت و دەرگای قوتابخانەکان نەکاتەوە.