هێزەکانی ئەمریکا چەند هێرشێکی ئێران پوچەڵ دەکاتەوە و رادارەکانی بۆردومان دەکات

964+
پەری ساڵح

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند کە هێزەکانیان لە 5ـی حوزەیراندا، هێرشێکی بەرفراوانی مووشەکی و درۆنیی ئێرانیان بەرەو گەرووی هورمز و وڵاتانی کەنداو تێکشکاندووە.

بەپێی راگەیەندراوەکە هێزەکانی ئەمریکا سەرەتا چوار درۆنی هێرشبەری ئێرانیان خستووەتەخوارەوە کە بەرەو گەرووی هورمز دەچوون و مەترسی بوون بۆ سەر دەریاوانی، چەند کاتژمێرێک دواتر، ئێران حەوت مووشەکی بالیستیی ئاراستەی کوێت و بەحرەین کردووە.

بەپێی هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکان، شەش مووشەکیان رێگرییان لێکراوە و تێکشکێندراون، مووشەکی حەوتەمیش نەگەیشتووەتە ئامانجەکەی.

سێنتکۆم دەڵێت، هێزەکانی ئەمریکا وەک بەرگریکردن لە خۆیان، هێرشی پێچەوانەیان کردووەتە سەر بنکەکانی راداری چاودێری کەناراوەکانی ئێران لە ناوچەی غورۆک و دوورگەی قەشم بۆ رێگریکردن لە هێرشی زیاتر، هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە، بە تەواوی ئەو دەنگۆ و بانگەشانەی ئێرانی رەتکردەوە کە گوایە زیان بە بنکەی کەشتیگەلی پێنجەمی ئەمریکا لە بەحرەین گەیشتووە.

سێنتکۆم دڵنیای دەدات کە هێزەکانیان لە ناوچەکەدا لە دۆخی ئامادەباشی تەواودان بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی بێ پاساوی ئێران.